مەهاباد.. نووسەر و ڕۆژنامەنووسیكی کورد دەستگیر کرا

 مەهاباد.. نووسەر و ڕۆژنامەنووسیكی کورد دەستگیر کرا
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵات، هەرمان وەتمانی، شاعیر، ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری پێگەی هەواڵی (هاژە) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە مەهاباد دەستگیر کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ماهابادەوە ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ شەممە 2018/9/15 هەرمان وەتمانی، شاعیر و ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری پێگەی هەواڵی "هاژە" لەلایەن پۆلیسی "چاودێریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان" (فەتا) دەستگیر کراوە و پاش هەڕەشە و چاوترسین کردن، بە دانانی بارمتە "بەڵگەی مۆڵەتی یاسایی" بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییکردنی ئازاد کراوە".

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "هێزە ئەمنییەکان تۆمەتی هەوڵدان بۆ شێواندنی بیروڕای گشتی و لایەنگری لە یەکێک لە حزبە کوردییەکانیان داوەتە پاڵ هەرمان وەتمانی، کە ئەو ڕۆژنامەنووسە سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە و بڕیارە دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای چاپەمەنی لە ورمێ بکرێت و لەوێ بڕیاری لەبارەوە بدرێت".

ئەو سەرچاوەیە ڕاشی گەیاند: "ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران دوای لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسیی کورد "ڕامین حوسێن‌پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی" داوایان لە پێگە هەواڵییە خۆجێیەکان کردووە کە دەبێ هەواڵ و زانیارییەک کە ئەوان پێیان دەدەن بڵاوی بکەنەوە و بنووسن ئەو سێ کەسەی لەسێدارە دراون، تیرۆریست و شەڕانی بوون و تێزابیان بە خەڵکدا کردووە، بۆیە لەسێدارە دراون" و ئەو پێگە هەواڵیانەش لە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵانە خۆیان بواردووە و ئەمەش بووەتە هۆی زەخت و گوشار بۆ سەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

دوای لەسێدارەدانی سێ بەندکراوی سیاسیی کورد و مووشەکبارانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنکە و بارەگای هەردوو لایەنی حزبی دیموکرات (حدکا و حدک) لە کۆیە، ڕۆژی چوارشەممە 2018/9/12 مانگرتنی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوە چوو و لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵات لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە 40 کەس دەستگیر کراون.

هەرمان وەتمانی، شاعیر و وەرگێڕ، ساڵی 1985 لە ساری مەهاباد لەدایک بووە، یەکێک لە شاعیرانی گەنج و چالاکان و ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهابادە و ماوەی دوو ساڵ بەرپرسی ئەو ئەنجومەنە بووە، جیا لەم سێ بەرهەم کە دوویان کۆمەڵە شیعر خۆی و یەکیان وەرگیڕانە، پێشتیش بە هاوکاریی زانکۆ خەڵیفە، کتێبی "فەرهەنگی ئاواییەکانی مەهاباد"ی چاپ و بڵاو کردووەتەوە و ئێستاش سێ بەرهەمی دیکەی وەرگێڕانی چیرۆکی ئامادەی چاپە و خاوەن ئیمتیاز و سەرنەسەری پێگەی هەواڵی هاژەیە لە مەهاباد.











باسنیوز
Top