بەریتانیا: هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کۆیە مەترسیدار بوون

بەریتانیا: هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کۆیە مەترسیدار بوون


باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لە کۆنفراسنێکی ڕۆژنامەنووسیدا، نیگەرانیی وڵاتەکەی لە هێرشی مووشەکیی بۆ سەر بارەگاکانی حزبی دیموکرات دەربڕی و بە پێشێلکاریی سەروەریی عێراقی ناودێر کرد.



جۆن وڵکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسییەدا گوتی: "ئەو هێرشە مووشەکییەی ئێران لە کاتێکدا بووە کە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە کۆیە لە کۆبوونەوە بووە و ئامانجی ئێران لە هێرشە بۆ کوشتنی خەڵک بووە و بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە".



باڵێۆزی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد: "هەرچەند هەموو وڵاتێک مافی بەرگری لە خۆی هەیە، بەڵام ئەو کارەی ئێران بە هیچ شێوەیەک بەرگری نەبووە، بەڵکوو هێرشە بۆ سەر خاکی وڵاتێکی دیکە".



جۆن وڵک ڕاشی گەیاند: "هیچ ڕێزێک بۆ سەروەریی عێراق دانەنراوە و لەدوای قسە و گفتوگۆم لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەو ئاکامە گەیشتم کە ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر کۆیە زۆر مەترسیدار بووە و ڕەوشی ناوەچەکە و ئێرانیش خراپتر دەکات".



پێشتر و لە دوای ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر بارەگای هەر دوو لایەنی حزبی دیموکرات لە کۆیە، سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئەو هێرشانەیان ئیدانە کردووە و هاوکات لە کوردستانی باشوور و ئەورووپاش کاردانەوەی لێکەوەتەوە و لە گشت گرنگتر مانگرتنی دوێنێ چوارشەممە 2018/9/12ی جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لە هەمبەر ئەو هێرشانەی ئێراندا سەرجەم دووکان و بازاڕیان داخست و مانگرتنی گشتییان ڕاگەیاند.


bas news-
Top