وەزارەتی پێشمەرگە: لەھەوڵداین بۆ ھێنانەوەی تەرمی ئەو سێ پێشمەرگەیەی لە حەویجە دۆزراونەتەوە
لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا ژمارەیەک پێشمەرگە بە دیلی و ھەندێکیش تەرمەکانیان کەوتنە دەست گرووپی تیرۆریستیی داعش و دوێنێ تەرمی سێ لەو پێشمەرگانە لە گەڕەکێکی شارۆچەی حەویجە دۆزراونەتەوە. لەوبارەیەوە، لیوا قارمان شێخ کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی پشتڕاست کردەوە: "تەرمی ھەرسێ پێشمەرگەکە لە گەڕەکی پیشەسازیی قەزای حەویجە دۆزراونەتەوە و لە کاتی ھێرشێکی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک ئەو سێ پێشمەرگەیە دوویان شەھید بوون و تەرمەکانیان کەوتبووە دەست تیرۆریستان و یەکێکی دیکەشیان بە برینداری کەوتبووە دەست داعش و دواتر شەھیدیان کردووە."
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە دەڵێت: "دوای ئاشکرابوونی شوێنی تەرمەکانیان ئێمە بەدواداچوونمان کردووە لە وەزارەتی پێشمەرگە و دەرکەوتووە، یەکێک لەوانە پلەی مولازمە و ئەوی تریان پلەی نەقیبی ھەیە و لەگەڵ پێشمەرگەیەک لای ئێمە پێشتر بە شەھید تۆمار کراون."
لیوا قارەمان شێخ کەمال ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لەبەر ئەوەی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری کەرکووک نییە، وەزارەتی پێشمەرگە لەھەوڵدایە لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق بکات بۆ ھێنانەوەی تەرمی ئەو سێ شەھیدە قارەمانە و لە کاتی ھێنانەوەیاندا بۆ خاکی پیرۆزی کوردستان بێگومان ڕێوڕەسمێکی شایستەیان بۆ ئەنجام دەدرێت، بەڵام ھێشتا کاتی ھێنانەوەیان دیار نییە."
kdp-
