مەسرور بارزانی: ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەستکەوتێکی پارتی بوو
رۆژی پێنجشەممە 13/9/2018، مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە وتارێکدا لە دهۆک لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ لیستی 183ـی پارتی بۆ پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند، مانگی ئەیلوول مانگی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستانە.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کرد، کە لە 25ـی ئەیلوولی 2017 ئەنجام درا و رایگەیاند، نزیکەی %93ـی بەشدارانی ریفراندۆم، دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان و جیابوونەوە لە عێراق دا و ئەو ریفراندۆمە دەستکەوتێکی مێژوویی پارتییە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی هەروەها رایگەیاند، بە خۆڕاگریی گەلی کوردستان و سەرۆکایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەو نەهامەتییانەی روویان لە کوردستان کرد، تێپەڕێندران.
دەقی وتارەکەی مەسرور بارزانی:
بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان
خوشک و برایانی بەڕێز هەموو لایەک بەخێربێن سەرچاوان
زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەبینم جارێکی دیکە دێمەوە خزمەتی ئێوە بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردنی چارەنووسی کوردستان، تاوەکو پەیمان بە یەکتر بدەین بە لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان و کاندیدانی کە لێرە ئامادەن.
مانگی ئەیلوول پڕە لە دەستکەوت بۆ میللەتی کورد و پارتی کە بونیادنەر و ئەندازیاری ئەو دەستکەوتانەیە.
شۆڕشی ئەیلوول کە گەورەترین شۆڕشی نیشتمانی و نەتەوەییە و لەدوای ئەویش چەندین دەستکەوت بە دەست هاتن.
پار لە ٢٥ی ئەیلوول جارێکی دیکە ئیرادەی میللەتی کورد سەرکەوت کاتێک ٩٣٪ی میللەتی کورد دەنگی بە سەربەخۆیی کوردستان دا کە ئەم دەستکەوتەش دەستکەوتی پارتی بوو.
لە هەموو قۆناغەکانی شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردستاندا پارتی سەرپشک بووە و پشکی شێری قوربانییەکانیش بەر پارتی کەوتووە، بۆیە دەبێ کار بۆ ئەوە بکەین کە پارتی بەهێز بیت تاوەکو کوردستانێکی پێشکەوتوو و بەهێزمان هەبێت.
جارێکی دیکە لە ٣٠ی ئەیلوول دەچینە سەر سندووقەکان و بە پشتیوانیی ئێوە پارتی دەبێتەوە بە پێشڕەوی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و جارێکی دیکە ئەو دەستکەوتانە لەسەر دەستی پارتی بەدەست دێن.
هەڤاڵانی بەڕێز
پار دەستکەوتی مەزنمان هەبوو، بەڵام بە قۆناغی ناخۆشدا تێپەڕین، ئێمە بەهۆی هەوڵی ئێوە و هەموو لایەک توانیمان دۆخەکە تێپەڕێنین و ئەو پشتیوانییەی ئێوە لە پارتیتان کرد، بۆ ئێمە جێگەی سەربەرزییە و پتر سوپاستان دەکەین.
پێشتر لە هەڵبژاردنی عێراق چەند شتێک گوتران، بەڵام دەنگ و پشتیوانی و خۆڕاگریی ئێوە وایکرد پارتی زۆرترین کورسی و دەنگ لە پەرلەمانی عێراق بەدەنگ بهێنێت.
باسنيوز
