ماموستایانی زانکۆ: پارتی براوەی یەکەم دەبێت
پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ١٨٣ و بە دروشمی بنیاتنانی کوردستانێکی بەھێز دەستی بە بانگەشە کردووە و بەرنامەیەکی تێروتەسەلیشی داناوە، کە گرنگترین خاڵەکانیشی بریتین لە بەھێزکردنی دەنگ و سەنگ و قورساییی کورد لە بەغدا و خەباتی بەردەوام بۆ تێگەیاندنی وڵاتانی ھەرێمی و نێودەوڵەتی لە مافی ڕەوای چارەنووسی خەڵکی کوردستان و بەدیھێانی کۆدەنگی بۆ بەرژوەندیی خەڵکی کوردستان و پێداگیری لەسەر بنەماکانی شەراکەت و تەوافق و ھاوسەنگی لە عێراق بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی تازەی عێراقدا.
د. سەباح سوبحی، ماموستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکرتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگی زۆر زیاد دەکات، لەبەر ئەوەی خۆی باش بۆ ئامادە کردووە و ئیرادەی ئەوەی ھەیە سەرەڕای ئەو دۆخانەی ھەبوون ئامادەی ھەڵبژاردن بووە، بۆیە ئەو ھەڵبژاردنە لە بەرژوەندیی پارتی دەبێت، چونکە ھیچ لایەنێک وەکو پارتی ئامادە نییە بۆ ھەڵبژاردن."
د. سەباح سوبحی گوتیشی: "پارتی دیموکراتی کوردستان سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو ڕووبەڕووی چەندین گرفت بووە بە ھۆی خەباتکردن بۆ مافی ڕەوای گەلی کوردستان، بەڵام بە ھۆی ئەوەی سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی ھەیە و عاقڵانە مامەڵەی لەگەڵ دۆخەکە کرد، توانی سەرکەوتن بەدەست بێنێت، ھەربۆیە لە ھەڵبژاردنی ڕابردوودا دەنگی زۆری ھێنا و ئەم جارەش دەنگی زیاتر بەدەست دێنێت، چونکە جگە لەوەی جەماوەرێکی دیاری ھەیە، ڕۆژ بە ڕۆژ دەنگیشی زیاتر دەبێت، چونکە بەرنامەی کارکردنی زۆر ڕوون و ئاشکرایە و ھەموو ھەوڵەکانیشی بۆ دەستکەوتی نەتەوەیی کورد بووە لە عێراق."
د. سەباح سوبحی گوتیشی: "لایەنەکان لەوە دڵنیا بوونە کە پارتی یەکەم و بێڕکابەرە و زۆرینەی کورسییەکان بەدەست دێنێت، بەڵام ترسیان ھەیە زیاتر لە٥٠+١ی کورسییەکان بەدەست بێنێت و دواتر بۆ حکوومەتی تازە پێویستی بەکەس نەبێت، چونکە پارتی بەردەوام لەگەشەدایە."
د. ساڵح مەلا عومەر عیسا، چاودێری سیاسی و ماموستای زانکۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان ھێندە دەستکەوتی زۆری ھەیە کە لە بانگەشەی ھەڵبژاردن باسی لێوە بکات، چونکە ھەموو خەباتی پارتی بەدەستکەوت بووە بۆ گەلی کوردستان، بۆیە خەڵکی کوردستانیش دەنگ بە لیستێک دەدەن کە خزمەت و خەباتی کردووە و دەستکەوتی ھەبووە، ھەربۆیە خەڵکی کوردستان متمانەی زۆری بە پارتی ھەیە و دەزانن بۆ بەرژوەندیی ئەوان کار دەکەن."
د. ساڵح مەلا عومەر عیسا باسی لەوەش کرد: "پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی لە پرۆسەیەکی گەورە دا کە وەکو تاپۆیەک بۆ خەڵکی کوردستان دەمینێتەوە، ئەویش ڕیفراندۆمە، کە ھیچ لایەنێکی سیاسی نەیتوانیوە ئەو کارە بکات و ترسیان لێی ھەبووە و پارتی ئەو کارەی کردووە و سەرکەوتنیشی ھێنا، بۆیە خەڵکی کوردستان دەزانێت پارتی بەھێز بێت، دەتوانێ بەرگری لە ئەوان بکات، بۆیە ئەم جارەش خەڵک متمانە بە پارتی دەداتەوە."
kdp-
