لە داقووق حەشدی شەعبی ژمارەیەک پێشمەرگە و ھاووڵاتیی ئەشکەنجە داون

لە داقووق حەشدی شەعبی ژمارەیەک پێشمەرگە و ھاووڵاتیی ئەشکەنجە داون
حەشدی شەعبی ژمارەیەک پێشمەرگە و ئەندامی پارتی و یەکێتیی لە سنووری قەزای داقووق دەستگیر دەکات و بەرپرسێکی کوردیش دەڵێ، بە شیشی تکە و کەباب ئەشکەنجە دراون لە لایەن حەشدی شەعبیەوە و تەنیا تاوانیان ئەوەیە پێشمەرگە و ئەندامی لایەنەکانی کوردستانن.

محەمەد کەمال، سەرۆکی لیستی برایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرای کرد: "پرۆسەی بەعەرەبکردن زیادتر پەرەی سەندووە و رۆژانە ھەڵکۆتانە سەر خەڵکی کورد و ئەندام و لایەنگرانی پارتی درێژەی ھەیە، بەداخەوە دەبوایە بە ھۆی پرۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و بەڕێوەچوونی دانوستانەکان پیلانی بەعەرەبکردن بوەستێندرێت."

لەوبارەیەوە، سەرۆکی لیستی برایەتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "دوو رۆژ لەمەوبەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدڕاڵی چواردە کەسیان لە قەزای داقووق دەستگر کردووە، کە دە کەس لەو گیراوانە کوردن و چواری دیکە عەرەبن، ئێستاش لە زیندانن و بە شێوەیەک ئەشکەنجە دراون، ھەندێکیان بەزۆر ددانیان بەوەدا ناوە کە تاوانیان کردووە، ھەتا بەو شێوەیە ئەشکەنجە دراون قۆڵ و باڵی بەشێکیان شکێندراوە و بە شیشی تکە و کەباب لێیان دراوە و ھەموو گیانیان کراوە بە خوێن."

محەمەد کەمال روونی کردەوە: "پێنج لەو دەستگیراوانە پێشمەرگەی پارتین و ئەوانی تریش سەر بە یەکێتیی نیشتمانین، ھیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە، تۆمەتی ئەوەیان خراوەتە پاڵ کاتی خۆی لەسەر پارتی و یەکێتی بوون و دوای ئەوەی ئەو ھاووڵاتییە بێتاوانانە براونەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە، جلیان داکەندووە و بە دادوەریان راگەیاندووە، ھیچ تاوانیان لەسەر نییە، بە شێوەیەکی وەحشیانە ئەشکەنجە دراون."


kdp-
Top