بڵند ئیسماعیل: بەپێی ھەموو ڕاپرسییەکان دەنگی پارتی زیاد دەکات

 	 بڵند ئیسماعیل: بەپێی ھەموو ڕاپرسییەکان دەنگی پارتی زیاد دەکات
بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەوروبەری ھەولێر گوتی، پارتی دیموکراتی کوردستان دەمێکە خۆی بۆ ھەڵبژاردن ئامادە کردووە و خەڵکیش متمانەی بە پارتی ھەیە، بۆیە دەنگی پارتی زیاد دەکات، چونکە زۆرینەی ڕاپرسییەکانیش ئەوەیان سەلماندووە، بۆیە پارتی سەرووی ٤٠ کورسی بەدەست دێنێت.



بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەموو خاڵەکانی جەختکردنەوەیە لەسەر بەدەستھێنانی مافی گەلی کورد لە بەغدا و دابینکردنی ژیانێکی خۆش بۆ خەڵکی کوردستان، کە گرنگترینیان بەدەستھێنانی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و دروستکردنی کۆدەنگییە بۆ ئەوەی کورد بە یەکدەنگی بچێتە بەغدا و لە ناوخۆی ھەرێمیش حکوومەتێکی بەھێز دروست بکرێت و دەستوورێکی ھاوچەرخ ئامادە بکرێت و پێوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری لەگەڵ وڵاتان پەرەی پێ بدرێت و دۆخی ئاوارەکانیش باشتر بکرێت و زیاتر خزمەتیان بکرێت.



بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەوروبەری ھەولێر، بڵند ئیسماعیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەمێکە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەموو ئامادەکارییەکی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە و بە جۆش و خرۆشەوە بەشدار دەبین، بۆیە پێشبینیی زۆر باش بۆ ئەو ھەڵبژاردنە دەکەین و گەشبینین کە سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەین، چونکە بەرنامەیەکمان داناوە لە ھەموو بوارەکان خزمەتی خەڵکی کوردستان دەکەین و کار بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کورد دەکەین بە پێی دەستوور و لە ناوخۆش حکوومەتێک پێک دەهێنین کە خزمەتی ھاووڵاتییان بکات."



پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە بۆ ھەڵبژاردن ئامادە بووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەرێوە بچێت، چونکە پێی وابووە خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە لە ڕێگەی دەنگی خۆیانەوە حکوومەت هەڵبژێرن و نوێنەری خۆیان لە پەرلەمان دیاری بکەن."



بڵند ئیسماعیل گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان پشتی بە جەماوەری خۆی و ئەو دەستکەوتانەی بۆ خەڵکی کوردستانی بەدەست ھێناوە قایمە و ھیچ کات لە ھەڵبژاردن نەترساوە، چونکە پێی وایە پێویستە خەڵکی کوردستان خۆیان نوێنەری خۆیان دیاری بکەن و دڵنیاشە خەڵکی کوردستان ئەوەیان لەبەرچاوە و لەسەر سندووقەکانی دەنگدان پاداشتی ئەو خزمەتەی پارتی بە خەڵکی کوردستانی کردووە دەدەنەوە، بۆیە پارتی زۆر بە گەشبینییەوە بەشداری لە ھەڵبژاردن دەکات."



بڵند ئیسماعیل گوتیشی: "بە پێی زۆرینەی ڕاپرسییەکان، کە کەسانی بێلایەنیش ئەنجامیان داون، پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن دەبێت و سەرووی ٤٠ کورسیش بەدەست دێنێت، چونکە خڵکی کوردستان متمانەی زۆری بە پارتی ھەیە و پارتیش چەندین دەستکەوتی گەورەی بۆ خەڵکی کوردستانی بەدەست ھێناوە."



پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە قوربانیی لە پێناو خاکی کوردستان داوە و بەرگریکاری سەرسەختی خەڵکی کوردستان بووە لە شەڕی داعش و شەڕی حەشدی شەعبی و ڕزگارکردنی ھەرێمی کوردستان لە قەیرانی دارایی و ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستان، بۆیە متمانەی بە خەڵکی کوردستان ھەیە کە لەم ھەڵبژاردنەدا خەڵک دەنگ بە لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن.

kdp-
Top