خانەقین.. بەهۆی حەشدی شەعبییەوە هاووڵاتییان بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن

 خانەقین.. بەهۆی حەشدی شەعبییەوە هاووڵاتییان بەرەو هەرێمی کوردستان کۆچ دەکەن
بەرپرسێكی حزبی، ڕای دەگەیەنێت، کە حەشدی شەعبی دەستێوەردان لە كاروباری خەڵك و سەرجەم دامودەزگا حكوومییەكانیش دەكات.

جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، رايگەیاند: "بارودۆخی خانەقین و دەوروبەری خراپە، چونكە لەلایەك حەشدی شەعبی كردەوەی توندوتیژی دژ بە هاووڵاتییان ئەنجام دەدات و لەلایەكی تریشەوە جموجۆڵەكانی تیرۆریستانی داعش بەردەوامە، هەروەها ئەوان خەڵك دەكوژن و دەڕفێنن و میلیشیاكانیش بە ئاشكرا خەڵك دەڕفێنن، لەم چەند رۆژی ڕابردوو لەنزیك بارەگایەكی میلیشیاكان لە سنووری گوڵاڵە هاووڵاتییەكیان رفاند و دوای دوو رۆژ تەرمەكەی لە شوێنێك فڕێ درا".

بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی، ئەوەشی خستە روو، کە ئێستا بەشێك لەو كارە تێكدرانە كە لەدەوروبەری خانەقین ئەنجام دەدرێت، هەموو ئەو كردەوانە داعش نایكات، بەڵكو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەستیان لەو كردەوە توندوتیژییانەدا هەیە، لە نمونەی ئەو هاووڵاتییەی كە لە نزیك گوڵاڵە بە ئاشكرا ڕفاندویانە و پاشان شەهیدیان كردووە، میلیشیاكان بە هەموو شێوەیەك دەستدرێژی دەکەنە سەر خەڵك، دەشڵێت: ”تاوەكو هێزەكانی پێشمەرگە نەگەڕێنەوە سنووری خانەقین دۆخەكە هەر بەم شێوەیە بە خراپی دەمێنێتەوە“.

ئاشکراشی کرد، کە دۆخی ئەمنی خانەقینیش خراپە، زۆرجار هەڵكوتانە سەر ماڵان هەیە، هەروەها فڕێدانی نارنجۆك بۆ ناو ماڵانیش بوونی هەیە، تاوەكو ئێستا نزیكەی 500 ماڵ لە خانەقینەوە كۆچیان بەرەو شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، هەر بە هۆی خراپی دۆخی ئەمنی شارەكەیانەوە و خەڵك تەواو بێزار بووە، چونكە حەشدی شەعبی دەستێوەردانی كاروباری خەڵك و سەرجەم دامودەزگا حكوومییەكانیشی كردووە.











باسنيوز
Top