مەسرور بارزانی پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ھێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی کەنەدا کرد
لەم دیدارەدا وێڕای تاوتوێکردنی دوا پێشھاتەکان و ھاوبەشی ئاسایش لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھاوپەیمانان لە ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سوپاسی حکوومەتی کەنەدای کرد بۆ پاڵپشتی و یارمەتیدانی ھەرێمی کوردستان لەشەڕی تیرۆریستانی داعشدا و پێشوازی لە سووربوون و دووپاتکردنەوەی جەنەڕاڵ دۆ کرد، کە رایگەیاند، وڵاتەکەی وەک ھاوبەشێکی بەھێز لە شەڕی کۆتایھاتن بە تیرۆریستان بەردەوام دەبێت.
ھەر لەم دیدارەدا بەدوورودرێژی باس لە ھۆکارەکانی پەرەسەندنی جموجۆڵی تیرۆریستان لە کەرکووک، دیالە، مووسڵ و ئەنبار کرا. لەوبارەیەوە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە و رایگەیاند: ”چارەسەرنەکردنی ھۆکارە بنەڕەتییەکانی کێشەکان لە عێراق و ناوچەکە، ھاوشان لەگەڵ ھۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە، مەترسییەکی جددی بۆ سەر ئەو پێشکەوتنە دروست دەکەن کە لە شەڕی تیرۆریستان بەدەست ھاتووە“.
گفتوگۆکردن لەبارەی ھەوڵ و ھەنگاوە بەردەوامەکانی پێکھێنانی حکوومەت لە بەغدا، کە ویست و داواکاری پێکھاتە سەرەکیەکان و ھاووڵاتییان لەبەرچاو بگرێت، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
باسنيوز
