چین و توێژەكانی سۆران پشتگیریی خۆیان بۆ لیستی 183ی پارتی دووپات دەكەنەوە
خەڵكی سۆران بە هەموو چین و توێژەكانەوە پشتگیریی پارتی دەكەن و ڕۆژ بۆ ڕۆژیش ڕێژەی جەماوەری پارتی لە سۆران ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و ئێستا جەماوەری پارتی لەو سنوورە لە لووتكەدایە. وەكو هاووڵاتییانی ناوچەكە ئاماژەی بۆ دەكەن: "لە سۆران تەنیا پارتیمان بینیوە، کە خزمەتی ناوچەكەی كردبێت، هەر پارتی بووە خۆی بە خەمخۆری میللەتی كورد زانیوە، بۆیە ئێمەش بۆ وەفاداریی ئەو حزبە ڕۆژی 30/9 ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان دەكەین و دەنگ بە لیستی 183 دەدەین."
خالس محەمەد، كە فەرمانبەری كەرتی تەندروستییە لە سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: "من لە سۆران تەنیا پارتیم بینیوە خزمەتی خەڵكی ناوچەكە بكات بەبێ جیاوازی، پارتی ئێمەی بەو ڕۆژە گەیاند، هەر پارتی بوو ڕیفراندۆمی ئەنجام دا، هەر پارتیش دەتوانێت كورد بە ئاواتەكانی خۆی بگەیەنێت و كورد بە مافە ڕەواكانی خۆی بگەیەنێت و دەوڵەتی كوردستان بۆ گەلی كورد دروست بكات، بۆیە من وەكو هاووڵاتییەك ڕۆح و گیانی خۆم قوربانی پارتی دەكەم و ئامادەمە لە پێناو پارتی شەهید بم، داواش لە هەموو خەڵكی سۆران دەكەم ڕۆژی هەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و دەنگ بە لیستی 183ی پارتی و كاندیدەكانی بدەن."
شاكر لەتیف، مامۆستایە لەو سنوورە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: "دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی دەدەم، لەبەر ئەوەی هەر لە یەكەم ڕۆژی لەدایكبوونمەوە تا ئەمڕۆ تەنیا پارتیم ناسیوە و تەنیا پارتی بووە خزمەتی خەڵكی كوردستانی كردووە بەبێ جیاوازی، هەر پارتیشە ئێمە بەرەو دەوڵەتبوون دەبات، مادام حزبێك لە پێناو خەڵكەكەی خۆی بژیت و تێبكوشێت، ئێمەش وەكو خەڵكی سۆران ئامادەین خۆمان بۆ ئەو حزبە بكەینە قوربانی و دەنگی خۆمان بەو حزبە بدەین."
هۆزان شەریف، كە مامۆستایە و جوانكاریی ئافرەتانیشی لە ناو سەنتەری سۆران هەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "ئەوانەی ئێستا هاتوونەتە مەیدان تا ئێستا لە كام شوێنی كوردستان بوون، ئەگەر پارتی و بارزانی نەمر نەبووایە كەس ناوی كوردی نەدەزانی، ئێستا هەموو وڵاتانی جیهان ناوی كورد دەزانن، چونكە هەر پارتی لە پێناو میللەتی كورد تێدەكۆشێت و بەرگری لە مافە ڕەواكانی گەلی كورد دەكات، بۆیە هۆكاری دەنگدانم بە پارتی و كاندیدەكانی ئەو حزبە بۆ تەمەنێكی پڕ لە شانازی و بەرخۆدان و سەروەریی ئەو حزبە دەگەڕێتەوە."
نەجیبە یاسین، ئافرەتێكی دیكەی هەمان شارە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاشكرا كرد: "پارتی بە كردەوە سەلماندوویەتی لەگەڵ خەڵكی كوردستانە، بۆیە منیش وەكو تاكێكی كۆمەڵگەی كورد و ئافرەتێكی ناوچەكە بە مافی خۆمی دەزانم دەنگ بە لیستی پارتی بدەم، چونكە هەمیشە پارتی خەمخۆر و نوێنەری چین و توێژەكانی كوردستان بووە، لە كرێكارەوە بگرە تا كەسێكی دەوڵەمەند. ئەو سەقامگیرییەی ئێستا لە كوردستان هەیە، هەمووی بۆ پارتی دەگەڕێتەوە، بۆیە من وەكو ئافرەتێكی سۆران داوا لە ئافرەتانی ناوچەكە دەكەم، ئەگەر بیانەوێت كوردستان ڕۆژ بۆ ڕۆژ پێش بكەوێت و ئافرەتان بە مافە ڕەواكانی خۆیان بگەن و كەس زوڵمیان لێ نەكات و بە سەربەخۆیی بژین، دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی پارتی بدەن، چونكە هەر ئەو حزبە دەتوانێت داكۆكیكار بێت لە مافە ڕەواكانی میللەتی كورد".
kdp-
