چیتر لایەنە کوردستانییەکان بە ئاسانی بە داواکارییەکانی ئەمریکا لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق رازی نابن
پیتەر گاڵبرێیت، نووسەری ئەمریکی کە پێشتر باڵیۆزی ئەمریکا بووە لە کڕواتیا، وتارێکی بە ناونیشانی (لێرە ئێران شکست بە ئەمریکا دێنێت)، لە گۆڤاری (فۆرین پۆڵەسی) ئەمریکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەو هەڵانە کردووە کە ئەمریکا لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان کردوویەتی و باسی لەوە کردووە: ”مانگی ڕابردوو، مایک پۆمپێۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پەیوەندی بە مەسعود بارزانی، سەرۆکی گەورەترین پارتی کوردی و کوتلەی پەرلەمانی کوردستانەوە کرد و داوایەکی بەپەلەی لە چوارچێوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لێ کرد. داواکەی ئەوە بوو کە پشتگیری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ خولی دووەم بکات و ڕێگە بە کاندیدەکانی ئێران بگرێت. ڕۆژێک لە ڕۆژان، وەڵامی ئەم داواکارییە دەکرا بە ئۆتۆماتیکی (بەڵێ) بێت، بەڵام ئیدارەی ئەمریکا لە ئۆکتۆبەری ڕابڕدوو، ڕێگەی دا سەرۆکی میلیشیا شیعەکان (کە ناوی لە لیستی تیرۆر ھەیە)، بە کەڵک وەرگرتن لە چەک و چۆڵی ئەمریکی و بە سەرپەرشتیی قاسم سولەیمانی، ئۆپەراسیۆنێکی دژ بە کورد ئەنجام بدات. ھەر بۆیەش جێگای سەرسوڕمان نییە کە کورد ئەمڕۆکە کەمتر مەیلی لایانگریی ھاوپەیمانێکی بێ بەڵێنی ھەیە.
گاڵبرێیت سەرجەم ئەو هەڵوێستانەی ئاماژە پێداوە کە ئیدارەی ئەمریکا تێیدا بەرامبەر بە کوردستان هەڵەی کردووە و ڕای گەیاندووە، کورد کە خاوەنی ٥٠ کورسییە لە پەرلەمانە نوێیەکەی عێراقە، بە لەخۆگرتنی چەند کورسییەکی سوونەکانیشەوە، ئێستا بڕیاری یەکلاکەرەوەیان لە دەستە بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عێراق. دەشڵێت: ”بارزانی چیتر بڕوای بەوە نییە کە بتوانێت پشت بە ئەمریکا ببەستێت“.
بە بڕوای نووسەرە ئەمریکییەکە، یەکێک لە هەڵەکانی سیاسەتی ئەمریکا، داواکارییەکەیان بوو بۆ دواخستنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧، لەمبارەیەشەوە دەڵێت: ”چەند ڕۆژێک پێش ریفراندۆم، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا، ڕێکس تیلەرسۆن، پێشنیارێکی بۆ بارزانی نارد. پێشنیارەکە ئەمە بوو کە ریفراندۆم ئەنجام نەدرێت و لە بەرامبەریشدا ئەمریکا ھەوڵی دیپلۆماتیک بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ھەولێر و بەغدا و لە ئەگەری چارەسەر نەبوونی کێشەکان، ئەوا واشنگتۆن “پێویستی ئەنجامدانی ریفراندۆم” قەبووڵ دەکات. ھەرچۆنێک بێت، بارزانی کە ئاگاداری ئەوە بوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خەریک بوو لە کار لابدرێت، ئەم پێشنیارەی ئەوی قەبووڵ نەکرد. بە شێوەیەکی پراکتیکیش مومکین نەبوو دوو ڕۆژ بەر لە ئەنجامدانی، ریفراندۆم دوا بخرێت لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان بە تاسەوە چاوەڕێیان دەکرد“.
لە بەشێکی دیکەشدا نووسیویەتی، کورد و سوننە پێدەچێت لەگەڵ مالیکی و عامری ڕێککەوتن بکەن. لە کۆتاییدا، ئەگەر بگەنە ئەو بڕوایە کە ناتوانن پشت بە ئەمریکا ببەستن، کەواتە پێویستە لەگەڵ ھێزی ھەرێمی، واتا ئێران، بکەونە ڕێککەوتن. مالیکی، لە چەند مانگی ڕابردوو پاڵپشتیی خۆی بۆ چەند داواکارییەکی کورد نیشانداوە کە عەبادی ئەم کارەی نەکردووە. ھەروەھا سوونەکانیش لەوە دڵنیان کە میلیشیا شیعەکان لە ژێر فەرمانی عامری دان نەوەک لە ژێر فەرمانی عەبادی، ھەر عامریشە دەتوانێت حەشدی شەعبی لە ناوچە سوننەکان بکشێنێتەوە.
باسنیوز
