لایەنە كوردستانییەكانی كەركووك لە قەرەهەنجیر کۆ بوونەوە

 لایەنە كوردستانییەكانی كەركووك لە قەرەهەنجیر کۆ بوونەوە


كەمێك پێش ئێستا كۆبونەوەی لایەنە كوردستانییەكانی شاری كەركووك لە دەرەوەی شاری كەركووك و لە ناحیەی قەرەهەنجیر دەستی پێكرد.



كۆبوونەوەكە لە بارەگای حزبی شیوعی كوردستان و بە بەشداریی سەرجەم حزبە كوردستانییەكانی كەركووك و بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە لە ناحیەی قەرەهەنجیر دەستی پێكرد.



بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز) لەو كۆبونەوەدا كۆمەڵێك پرس تاوتوێ دەكرێن كە سەرەكیترینیان كاركردن دەبێت بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك كە لە 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردووە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە داگیر كراوە، هەروەها تاوتوێی پرۆسەی تەعریبكردنەوەی كەركووك و سەرجەم ئەو پۆستە لە دەستدراوانەی كورد دەكرێت كەلە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە كورد وەرگیراونەتەوە.



ئەو كۆبونەوەی لایەنە كوردستانییەكانی كەركووك بە یەكەم كۆبوونەوەی سەرجەم حزبە كوردستانییەكان دادەنرێت لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری رابردوەوە، چونكە پارتی بەشداری كۆبونەوەكانی لایەنە كوردستانییەكانی لە ناو شاری كەركووك نەدەكرد، بەو پێیەی كە كەركووك داگیر كراوە.





باسنیوز
Top