ئەمڕۆ ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی رزگاریخوازی ئەیلوولە

 ئەمڕۆ ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی رزگاریخوازی ئەیلوولە
ئەمڕۆ 11ـی ئەیلوولی 2018، 57ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلی کوردستانی باشوورە.



رۆژی 11ـی ئەیلوولی 1961، گەلی کوردستانی باشوور، شۆڕشی ئەیلوولی لە دژی رژێمی عێراق و بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان، هەڵگیرساند.



مستەفا بارزانی، باوکی سەرۆک مەسعود بارزانی، رابەرایەتیی شۆڕشەکەی دەکرد و توانی خەڵکی کوردستان بە هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەکانەوە لە دەوری شۆڕش کۆ بکاتەوە.



مستەفا بارزانی لە ساڵی 1946 سوپاسالاری کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. دوای رووخانی ئەو کۆمارە بە پیلانگێڕیی چەند دەوڵەتێک، مستەفا بارزانی و هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستان، کە ببوونە هێزی چەکداری کۆمار و لەژێر فەرمانی پێشەوا قازی محەمەد، یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان بوون، بە پەڕینەوە لە رووباری ئاراس، ئاوارەی رووسیا بوون.



دوای ئەوەی عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی 1958 کودەتای سەربازی لە عێراق کرد و رژێمی حوکمڕانیی پاشایەتی لە عێراق بۆ رژێمی کۆماری گۆڕی، بەڵێنی پێدانی مافەکانی بە گەلی کوردستان دا و داوای لە مستەفا بارزانی کرد بگەڕێتەوە، بەڵام دوای نزیکەی سێ ساڵ، عەبدولکەریم قاسم و رژێمەکەی لە پێدانی مافەکان بە گەلی کوردستان پەشیمان بوونەوە.



بەهۆی پەشیمان بوونەوەی رژێمی عێراق لە بەڵێنەکانی، مستەفا بارزانی دەست پێ کردنی شۆڕشی ئەیلوولی لە دژی رژێم و ئەوکاتی حکوومەتی عێراق راگەیاند.



شۆڕشی ئەیلوول توانی بە نۆ ساڵ چۆک بە رژێمی عێراقدا بێنێت و ناچاری بکات دان بە مافەکانی گەلی کوردستان بنێ، بەمەش ئامانجی شۆڕشەکە، کە حوکمی زاتی بوو بۆ کوردستان بەدی هات و سەرکەوتوو بوو.



لە رۆژی 11ـی ئاداری 1970، شۆڕشی کوردستانی باشوور و رژێمی عێراق رێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد، کە تێیدا دان بە مافە سیاسی، ئابووری و رۆشنبیرییەکانی گەلی کوردستان هات و سیستەمی حوکمی زاتی (خۆڕێبەریی لە چوارچێوەی عێراق) بۆ کوردستان دامەزرا.





باسنيوز
Top