حكوومەتی عێراق گەڕەكێكی كوردنشینی جەلەولا دەڕووخێنێت و دەیكاتە بارەگای خۆی

حكوومەتی عێراق گەڕەكێكی كوردنشینی جەلەولا دەڕووخێنێت و دەیكاتە بارەگای خۆی
بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، ھێزە عێراقییەكان بڕیاریان داوە گەڕەكێكی كوردنشینی جەلەولا چۆڵ بكەن، دواتر بیڕووخێنن و بیكەنە بارەگای خۆیان، ئەمەیش تەنیا بۆ دژایەتیكردنی كوردە و ھیچی دیكە نییە.

لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ھێزە عێراقییەكان لە سنووری خانەقین و دەوروبەری بەردەوام دژایەتیی كورد دەكەن و، ھەر جارەو بیانوویەكیان پێ دەگرن بۆ ئەوەی ماڵوحاڵی خۆیان جێ بهێڵن.

پێوەست بەم پرسە، عامر رەفعەت، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی برایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنووری خانەقین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس، كوردەكان لە گەڕەكی ھەواڵگریی جەلەولا نیشتەجێن كە نزیكەی ٣٠ماڵ دەبن، بەڵام فەرماندەی لیوای ھێزە عێراقییەكان لە ناوچەكە ئەو ماڵانەیان ئاگادار كردووەتەوە كە ناوچەكە چۆڵ بكەن، چونكە خاپووری دەكەن و دەیكەنە بارەگای خۆیان، كە ئەمەش بیانووە و تەنیا بۆ دژایەتیكردنی كوردنە، ئەگەرنا ئەو خەڵكە ھەمووی كوردن و شوێنی دیكەیان نییە بۆی بڕۆن".

رەفعەت گوتیشی: "ئێمە قسەمان لەگەڵ لیواكەی ھێزە عێراقییەكان كردووە و ئاگادارمان كردوونەتەوە كە ئەمە كارێكی زۆر ناشرینە و لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعس ئەو خەڵكە لێرە نیشتەجێن، بۆیە ئەوەی دەكرێت بۆ دروستكردنی ئاژاوەیە، ئەگەر نا عێراق خۆی ڕووخاوە و ھەموو سەروەت و سامانەكەی دزراوە، بۆیە ناكرێت ئەو كارە بكرێت و پێویستە رێگری لێ بكرێت و ئەوانیش باسیان لەوە كردووە كە ھەوڵ دەدەن ئەو كارە نەكرێت".
kdp-
Top