كۆمسیۆن، ئامار و وردەكاریی ئامادەسازییەكانیان بۆ ڕۆژی دەنگدان بڵاو دەكاتەوە
ڕۆژی 11ی 9ی 2018، یەكەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێت و بڕیارە 30\9 یەكەم ڕۆژی دەنگدانی گشتی بێت بۆ خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسییش وەك دەزگایەكی تایبەتمەند بەو پرسە، ئامادەكاریی تەواوی كردووە.
شێخ مەهدی بەرزنجی، بەڕێوەبەری رێكارەكان و راهێنان لە ئۆفیسی نیشتیمانی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئێمە وەك بەڕێوەبەری رێكارەكان و راهێنان لە ئۆفیسی نیشتیمانی، هەڵساین بە كردنەوەی خول بۆ ئاستی یەكەم: كە بریتین لە بەڕێوەبەری راهێنان لەگەڵ فەرمانبەرانیان لە هەر چوار پارێزگاكە لەگەڵ بەرێوەبەری هۆبەی لۆجستی لە فەرمانبەرانی ئامادەكراو بۆ ڕۆژی دەنگدان كە ماوەی چوار ڕۆژی خایاند، راهێنان بۆ ئاستی دووەمیش دەستی پێ كردووە كە بریتین لە بەڕێوەبەری بنكە لاوەكییەكان و، دواتر ئاستی سێیەم و چوارەم و پێنجەم دێت كە سەرجەمیان ئامادە دەكرێن بۆ ڕۆژی دەنگدان، لەو بارەیەیشەوە هیچ گرفتێكمان نییە و لە قۆناغەكانی كۆتایی ئامادەكاری بۆ پرۆسەكەداین، تا ڕۆژی 24\9 ـیش هەموو فەرمانبەران مەشق و راهێنانیان تەواو دەبێت".
بەرزنجی گوتیشی: "ئامادەكاریی تەواومان كردووە بۆ هەڵبژاردنەكان و بڕیارە ڕۆژی 28ی مانگ دەنگدانی تایبەت بكرێت، لەو بارەیەوە رێكار بۆ فەرمانبەرانی ڕۆژی دەنگدانی تایبەتیش دانراوە، كە پێش خولەكان رێكارەكانمان داوەتە ئەنجوومەنی كۆمسیاران و لەوێ پەسەند كراوە و دواتر دەست بە هەنگاوی كرداری كراوە".
ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن، هاوكات راشیگەیاند: "ڕۆژی 15ی مانگ سەرجەم كەلوپەل و پێداویستیی هەڵبژاردنەكان دەگاتە كۆگای ئۆفیسی نیشتیمانی".
لەبارەی ژمارەی بنكە و وێستگەی دەنگدان لە پارێزگاكان، شێخ مەهدی بەرزنجی، دەڵێت: "لە شاری هەولێر (79) بنكەی لاوەكی و (498) بنكەی دەنگدان و (2271) وێستگە ئامادە كراون. لە شاری سلێمانییش (84) بنكەی لاوەكی و (479) بنكەی دەنگدان ئامادە كراون. هەروەها لە شاری دهۆك (47) بنكەی لاوەكی و (256) بنكەی دەنگدان و (1343) وێستگەی دەنگدان دانراون. لە شاری هەڵەبجەش (8) بنكەی لاوەكی و (128) بنكەی دەنگدان و (129) وێستگە ئامادە كراون".
دەشڵێت: "لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستاندا (218) بنكەی لاوەكی و (1261) بنكەی دەنگدان و (5811) وێستگەی دەنگدان هەن، لە كاتێكدا بۆ ئاستی یەكەم، راهێنان بە (66) فەرمانبەر و ئاستی دووەم (436) و ئاستی سێیەم (1570) و ئاستی چوارەم (7072) و ئاستی پێنجەم (28288) فەرمانبەر دەكرێت، كۆی گشتیی فەرمانبەرانیش بۆ ڕۆژی دەنگدانی 30\9، (35360) فەرمانبەرە و فەرمانبەرانی ڕۆژی دەنگدانی تایبەتیش كاریان لەسەر دەكرێت و ڕادەهێندرێن".
kdp-
