فازڵ میرانی: هەموو هەوڵەكانمان بۆ دروستكردنی كۆدەنگی و یەكخستنی نێوماڵی كوردە
ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی، پێشوازی لە شاندی (حزبی ئیسلامیی عێراقی) بە سەرۆكایەتیی نەسیر ئەلعانی و شاندێكی یاوەری كرد.
لەو كۆبوونەوەیەدا، كە عەلی حوسێن بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەكان ئامادەی بوو، فازڵ میرانی بەخێرهێنانی شاندی میوانی كرد و رۆشنایی خرایە سەر رووداوەكانی شاری بەسڕە و ناڕەزاییەكانی خەڵك و، ئەوەی دووپات كردووە كە پێویستە بە زووترین كات داواكارییەكانی خەڵك جێبەجێ بكرێن و هەر كەس بەرپرسیارەتیی خۆی بخاتە سەر شان.
لەم كۆبوونەوەیەدا، هەروەها دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و گۆڕانكارییەكان لە هاوكێشەكانی پەیوەست بە دامەزراندنی حكوومەتی تازەی عێراق تاوتوو كرا و، جەختیش لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ دامەزراندنی حكوومەت بە مەبەستی چارەكردنی كێشەكانی هاووڵاتیان و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان كرایەوە.
فازڵ میرانی، تەئكیدی كردەوە كە عێراق بە هەوڵی هەموو لایەنەكان بنیات نراوە لەسەر پرەنسیپە گرینگەكان لە سازان و هاوسەنگی و بەشداریی هەمەلایەنە لە بڕیاردان، بەڵام پابەندنەبوون بە دەستوور، كێشەكانی گەیاندە ئەم ئاستە. گوتیشی: "هەموو هەوڵەكانی ئێمە ئێستا بە ئاڕاستەی دروستكردنی كۆدەنگی و یەكخستنی نێوماڵی كوردە بۆ بەشداریكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقدا".
دواتر شاندی میوان سوپاسی سكرتێری مەكتەبی سیاسییان كرد بۆ ئەم پێشوازییە و جەختیان لە پەیوەندییە دێرینەكانی نێوان پارتی و حزبی ئیسلامیی عێراقی كردەوە، كە ئەم پەیوەندیانە لە خزمەت ئارامی و سەقامگیریی وڵاتدا دەبن و، هاوڕا بوون لەگەڵ دید و بۆچوونەكانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی، كە گرینگە پابەندی دەستوور بین بۆ چارەكردنی كێشەكان.
kdp-
