مه‌سروور بارزانی و جەنەراڵ جوزێف ئەندرسۆن، جه‌ختیان له هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوان هێزی پێشمه‌رگه و هێزی هاوپه‌یمانان كرده‌وه
ئه‌مڕۆ 9/9/2018، مه‌سروور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی كرد له جەنەراڵ گریگۆری ئەندرسۆن بەڕێوه‌بەری سەنتەری هەماهەنگی لە کوردستان و شاندێكی یاوه‌ری.
له سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا مه‌سروور بارزانی نیگه‌رانیی خۆی به‌رامبه‌ر بۆردومانكردنی باره‌گای حزبی دیموكرات له كۆیێ نیشاندا و سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكاری شه‌هیدان كرد و هیوای به په‌له چاكبوونه‌وه‌شی بۆ برینداره‌كان خواست.
دواتر دواپێشهاته سیاسی و سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه گفتوگۆی له‌باره‌وه كرا و دووپات له هه‌ماهه‌نگی زیاتری نێوان هێزی پێشمه‌رگه و هێزی هاوپه‌یمانان له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی كارپێكراو كرایه‌وه، هه‌روه‌ها تیشك خرایه سه‌ر رێكخستنه‌وه و زیاتركردنی مه‌شق و راهێنان به هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و ئاماژه به‌وه‌درا، به‌هێزكردنی پێشمه‌رگه ده‌بێته هۆی سه‌قامگیری ناوچه‌كه.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه تیشك خرایه سه‌ر ره‌وشی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی و بارودۆخی كه‌ركووك به‌تایبه‌تی، كه ئه‌وه‌ی له‌وێ روو ده‌دات مایه‌ی نیگه‌رانییه و پێویسته هۆكاری نیگه‌رانییه‌كان نه‌هێڵدرێن، له‌وباره‌وه مه‌سروور بارزانی رایگه‌یاند،به‌لای ئێمه‌وه كه‌ركووك داگیركراوه و رووداوه‌كان قبووڵكراو نین، پێویسته له چوارچێوه‌ی مادده‌كانی ده‌ستوور بارودۆخی كه‌ركووك بێته چاره‌سه‌ر.
هه‌ر له‌م دیداره‌دا ئاماژه به په‌ره‌دان به په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا درا، كه پێویسته به‌ره‌و په‌یوه‌ندی ستراتیژی بچێت.
هه‌روه‌ها ئاماژه به په‌ره‌ستاندنی چالاكیی گرووپه تیرۆریسته‌كان درا، كه ئه‌گه‌ر به جیددی هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌گشتی نه‌نرێت، پێشبینی ده‌كرێت له داهاتوودا به‌ناو و فۆرمی دیكه بگه‌ڕێنه‌وه و دۆخه‌كه ئاڵۆزتر بكه‌ن.
kdp-
