عەلی عەونی: دەنگەکانی پارتی زیاتر دەبێ
عەلی عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی ئاشکرای کرد: "وەک ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتیمان جەختی لەسەر کرایەوە، پارتیمان لە ڕۆژی سێشەممەی دابێ لە شاری ھەولێر کەمپینی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ دەکات و بڕیارمان داوە بانگەشەی ئەم جارە جیاواز بێت لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، ھەرچەندە لە ڕابردووش پارتی دوور لە ھەموو سەرپێچیەک کەمپینەکانی بەڕێوە بردووە، بەڵام بڕیارمان داوە ئەم جارە زۆر ھێمنتر و سەردەمیانەتر بەڕێوەی بەرین."
پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ١٨٣ بەشداری لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستاندا دەکات، عەلی عەونی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پارتیمان لەسەر ئاستی جیاواز ھەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و بەشداریکردنمان لەو ھەڵبژاردنە، لق و سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی حزب ڕاسپێردراون کاری خۆیان ئەنجام بدەن تا زۆرترین دەنگ بۆ لیستی پارتی بەدەست بێنین."
ئەندامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: "بە پێی ئەو ڕاپرسییانەی لە لایەن دەزگا ھەمەجورەکانەوە کراون، پارتی لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولدا دەنگێکی زۆرتر بەدەست دێنێت، تەنانەت دەزگای بیانی و ھەندێ نەیاری پارتیش ڕاپرسی و دیراسەتیان ھەبووە، ھەمان ئەنجامی ھەبووە، لەبەر ئەوەش، ئێمە پشتڕاستین لە خەڵکی کوردستان و دەنگی پارتی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زۆر جیاوازتر لە دەنگی لایەنەکانی دیکە دەبێت."
kdp-
