محەمەدی حاجی مەحموود: دەیانەوێ دوو ساڵ تەمەنی پەرلەمان درێژ بکەنەوە
محەمەدی حاجی مەحموود، ڕايگەیاند: "ئەم خولەی ئێستای پەرلەمانی کوردستان، خولێکی خراپە و باش نییە، لەبری ئەوەی کاری یاسادانان و بنیاتنان و پڕۆژەی گرنگ دەربکەن، بەشێکی زۆری ئەو ١١١ پەرلەمانتارە بوون بە کێشە بۆ ئەم وڵاتە و ھەرچی کێشە ھەیە، ھێنایە سەر شەقام، ئێستاش کاتێک ماوەکەیان تەواو بووە، لەسەر حیسابی ئەم میللەتە، سەفەر بۆ وڵاتانی دەرەوە دەکەن، پارە وەردەگرن، شوقە و ڤێلایان ھەیە".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پێشتر هەر ئەو پەرلەمانتارانە دەیانگوت، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ماوەکەی بەسەر چووە، بەڵام ”ئێستا ھەمان زماندرێژەکان، کوڕەڵەیان کردووە و لەبەردەم ھەڕەشەی خەڵکی کوردستان و تۆڵەکردنەوە دان و دەیانەوێ ببن بە پاشکۆی پارتی و یەکێتی، ھەروەھا دەیانەوێ ئەو حکوومەتەی ئەوان دژی بوون، تەنھا لەبەر ئەوەی وەزیر و پەرلەمانتارەکانیان بمێننەوە، ئامادەن دوو ساڵی دیکە درێژە بەو حکوومەتە بدەنەوە کە ئەوان بە گەندەڵ ناویان دەبرد“.
محەمەدی حاجی مەحموود، ئاماژەی بەوەش دا، ئەو حزبانەی کە پێشتر حکوومەتیان بە گەندەڵ ناو دەبرد، ھیچ کاتێک دوای بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان نەکەوتوون، ئێستاش دەیانەوێ بەھۆی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە، جارێکی دیکە ماوەی پەرلەمانی کوردستان درێژ بکرێتەوە، بۆیە ”ھیوادارم حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەڵبژاردن دوا نەخات و نەچێتە ژێر باری ئەو کارە خراپەوە“.
سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان باسی لەوەش کرد: "ئێمە یەک کورسیمان ھەبووە، بەڵام ئەو حزبانە زۆرترین کورسیان ھەبووە و بۆ ڕۆژێکیش نەھاتوونەتە بەرەکانی شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە، ئێمە سێ ساڵ و نیو شەڕی داعشمان کردووە، ئەوان لە کوێ بوون؟ ئێمە ڕەبایەمان دابەش دەکرد، ئەوانیش وەزارەتیان دابەش دەکرد، ئێستاش دەیانەوێ لەسەر حسابی ئەم میللەتە، پەرلەمانتارەکانیان ماوەی پەرلەمانی کوردستان درێژ بکەنەوە، بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان ئەوە قەبووڵ نەکات و ھەڵبژاردن لە ٣٠/٩ ئەنجام بدرێت".
باسنيوز
