حدکا: بارزانی هەڵوێستی نیشتمانیی خۆی بەجێ گەیاندووە

 حدکا: بارزانی هەڵوێستی نیشتمانیی خۆی بەجێ گەیاندووە
بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئاماژە بەوە دەدات، کە ھەڵوێستەکەی سەرۆک بارزانی، دوای تۆپبارانەکە، جێگەی رێزە و دەشڵێت ”لەدوای ساڵی ١٩٩٦ەوە، ئەمە یەکەمجارە بەو قورسییە، بارەگاکانمان تۆپباران دەکرێت“.

تاھیر مەحموودی، بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ڕايگەیاند: "ئەوە یەکەمجار نییە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری کۆیە تۆپبارانی بنکە و بارەگاکانی ئێمە بکات، بەڵام لەدوای ساڵی ١٩٩٦ەوە، ئەمە یەکەمجارە بەو قورسییە بارەگاکانمان لەشاری کۆیە تۆپباران بکرێت.

ڕوونیشی کردەوە کە هێرشەکە سەلمێنەری ئەو قسانەی بەرپرسانی سوپای پاسدارانە کە هەڕەشەیان کردبوو، بە ئاشکرا هێرش بکەنە سەر بنکە و بارەگاکانی دیموکرات.

بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئەوەشی خستە روو، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دوژمنی سەرەکیی خۆیانی دەزانن، جگە لەوەش، خەبات و تێکۆشانیان بەر لە ھاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی پێکردووە و بەدەوامیش دەبن.

ئاشکراشی کرد، کە بەھۆی بۆردومانەکەی دوێنێی سوپای پاسدارانەوە، ئەوان وەکوو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دوو شەھید و سێ برینداریان ھەیە، بەڵام ژمارەی شەھیدەکانی ھاوڕێیانی پێشوویان لە (حدک) بەرە بەرە زیاد دەکات و هەردوو لایەن ١٧ شەھید ٤٠ برینداریان هەیە.

تاھیر مەحموودی، بەرپرسی دەزگای ڕێکخستنی گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ئاماژەی بەوەش دا، کە ھێرشەکەی سوپای پاسداران بەر لەوەی ھێرش بێت بۆ سەر حزبی دیموکرات، ھێرشە بۆ سەر سەروەریی خەڵکی هەرێمی کوردستان. گوتیشی: ”ھەڵوێستەکەی بارزانی و حزبەکانی دیکە، جێگەی ڕێز و ئیحترامە و ئەوان ھەڵوێستی نیشتمانیی خۆیان بەجێ گەیاندووە“.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی ئەیلوولی ٢٠١٨، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەی سەر هەردوو دیموکرات ڕاگەیاند و هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی خراپتریشی کرد، لە حاڵەتی بەردەوامبوونی پارتەکانی ڕۆژهەڵات لە چالاکییەکانیان.












باسنيوز
Top