دوایین زانیارى له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى حاجییانى هه‌رێمى كوردستان

 دوایین زانیارى له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى حاجییانى هه‌رێمى كوردستان
گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، زیاتر له‌ هه‌زار حاجیی هه‌رێمى كوردستان، له‌ وڵاتى سعودیه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و، بڕیاره‌ تا ڕۆژى یه‌كشه‌ممه‌ سه‌رجه‌میان بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان.

نه‌به‌ز ئیسماعیل، گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئاینى حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان، ڕايگه‌یاند: "له‌كۆى پێنج هه‌زار و 469 حاجیی هه‌رێمى كوردستان، تا ئێستا چوار هه‌زار و 429 حاجى گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هه‌رێم و هه‌زار و 39 حاجیی تر له‌وڵاتى سعودیه‌ ماونه‌ته‌وه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه‌ بڕیاره‌ تا ڕۆژى 9/ 9/ 2018 به‌ سێ گه‌شتى جیاواز، سه‌رجه‌میان بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان.

هه‌روه‌ها، گوتیشی: "له‌ وه‌رزى ئه‌مساڵى حه‌جدا 10 حاجیی عێراقی گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌، كه‌ ته‌نها یه‌كێكیان كورد بووه‌".

ڕۆژى 23 /7/ 2018 و به‌مه‌به‌ستى به‌جێهێنانى فه‌ریزه‌ى حه‌ج، یه‌كه‌مین كاروانى حاجییانى هه‌رێمى كوردستان، گه‌یشته‌ وڵاتى سعوودیه‌.












باسنيوز
Top