عەلی عەونی: دەوڵەتی کوردستان لەساتەوەختی لەدایکبوونە و ئێران و تورکیا شێتانە پەلامار دەدەن

 عەلی عەونی: دەوڵەتی کوردستان لەساتەوەختی لەدایکبوونە و ئێران و تورکیا شێتانە پەلامار دەدەن
عەلی عەونی، بەرپرسی لقی ١٠ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ھەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) رایگەیاندووە، دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ”لە ساتەوەختی لەدایکبوونە“، بۆیە ھەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران ”شێتانە پەلاماری کوردستان و کوردان دەدەن“.



عەلی عەونی بە ئاماژەکردن بەوەی خیانەتکارانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر لە ناوخۆی کوردستان خەریکی بنکۆڵکردنی کوردستان و دڵساردکردنی ھاووڵاتییانن، داوا لە ئەوانەی بانگەشەی چوونە عەفرین و بەرگریکردن لەو شارەیان دەکرد، دەکات، ”با بفەرموون لە دژی ئەم پەلامارە ھەڵوێست بنوێنن“.



ئەو بەرپرسەی پارتی پێی وایە گرووپی خیانەتکاری ١٦ـی ئۆکتۆبەر بەردەوام ھەوڵ دەدەن تەگەرە بخەنە بەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان و ھاوکاریکردنی ئێرانیش لە تۆپبارانکردنی بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)یش بە بەشێک لەو ھەوڵانە دادەنێت، بەڵام جەخت لە چۆکدانەدان دەکاتەوە و رایگەیاندووە، ”ھەڵبژاردنەکانی کوردستان دەکەین، ئەگەر تەنانەت ھەولێریش بۆردومان بکەن“.



عەلی عەونی بۆردومانکردنی بارەگای سەرکردایەتیی حدکا و حدک، کە بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی ١٦ سەرکردە و پێشمەرگەی ئەو دوو حزبە و برینداربوونی نزیکەی ٤٠ کەسی دیکە، بە ”شەرمەزارییەکی گەورە“ بۆ عێراق، ئەمریکا و ئەورووپا دادەنێت، کە رێگرییان لە سەربەخۆبوونی کوردستان کرد.




باسنیوز
Top