ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: سبەینێ مانگرتنی گشتییە

 ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: سبەینێ مانگرتنی گشتییە
ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوایان کردووە سبەینێ دووشەممە 2018/9/10 لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مانگرتنی گشتی بەڕێوە دەچێت.



لە ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا هاتووە: " ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران تاوانی دڕندانەی ئێعدامی ٣ لاوی ئازادیخوازی کورد، شەهیدان رامین حسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی، هەروەها هێرشی مووشەکی و کۆمەڵکوژانەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حدک بە توندی مەحکووم دەکا."



لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە سەرنجدان بەو راستییە، داوا لە خەڵکی خۆڕاگر و بە هەڵوێستی کوردستان دەکەین ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، ١٩ی خەرمانان (10ی ئەیلوول) بە مانگرتنی گشتی، بێزاریی خۆیان لە نوێترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رابگەیەنن. جارێکی دیکە بە نەهاتنەدەر لە ماڵەکانتان، چۆڵکردنی شەقامەکان و داخستنی دوکان و بازاڕ، نمایشێکی پڕ شکۆ لە بێزاربوون و "نا" گوتنی خۆتان بەو ڕژیمە خوێنڕێژ و دژە کوردە، نیشان بدەنەوە".



دەقی ڕاگەیەندراوەکە کە وێنەیەکیشی بە (باسنیوز) گەیشتووە، بەم چەشنەیە:



راگەیاندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان



بەیاننامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران:

بە هەڵوێستێکی شیاو و یەکگرتووانە بەرەوڕووی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی دەبینەوە!



ڕۆژی ١٧ی خەرمانی ئەمساڵ(٨ی سیپتامبری ٢٠١٨) ڕژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکەی خستە سەر مێژووی پڕ لە تاوان و دڕندەیی خۆی بەرامبەر گەلی کورد. ڕاست لە بەرەبەیانی ئەو شەوە‌دا کە جەللادەکانی ئەو ڕژیمە،٣ بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی زانیار و لوقمان مورادی و رامین حسێن پەناهییان لە دار دا، سوپای پاسداران بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیان لە نزیک شاری کۆیە دایە بەر هێرشی مووشەکی. لە ئاکامی هێرشی مووشەکیی سوپای پاسداران، ١٣ کەس لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و، دوو کەس لە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران شەهید بوون. نزیکەی ٤٠ کەس لە تێکۆشەران و بنەماڵەکانی کوردی ڕۆژهەڵات بە هۆی ئەو هێرشە مووشەکییە، بریندار بوون کە بە داخەوە بارودۆخی ژمارەیەکیان ناجێگیرە.



ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران تاوانی دڕندانەی ئێعدامی ٣ لاوی ئازادیخوازی کورد، شەهیدان رامین حسێن پەناهی، زانیار و لوقمان مورادی، هەروەها هێرشی مووشەکی و کۆمەڵکوژانەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پلینۆمی کومیتەی ناوەندیی حدک بە توندی مەحکووم دەکا. ئێمە وێڕای هاوخەمیی قووڵمان لە گەڵ بنەماڵە و هاوسەنگەرانی شەهیدەکان، چاکبوونەوەی هەرچی زووتری بریندارەکانی ئەو هێرشە دڕندانەیە بە ئاوات دەخوازین.



تیرۆر، دەستدرێژی و تاوانخوڵقێنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر بە گەلی کورد و ڕۆڵە ئازادیخوازەکانی نەتەوەکەمان، بەردەوام و لە زیادبووندا دەبێ و ناوەندی هاوكاریی بە ئەركی خۆی زانیوە پێش روودانی ئەم كارەساتانە لە رێكەوتی 27 جوولای بە نووسینی نامەیەكی سەرئاوەڵا هەموو لایەنە پێوەندیدارەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ئاگادار بكات.


ئەگەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هیزە سیاسییەکانیان بە هەڵوێستێکی شیاو وەڵامێکی ددانشکێن بەرەوڕووی ئەو ڕێژیمە نەبنەوە.
ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە سەرنجدان بەو راستییە، داوا لە خەڵکی خۆڕاگر و بە هەڵوێستی کوردستان دەکەین ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، ١٩ی خەرمانان بە مانگرتنی گشتی، بێزاریی خۆیان لە نوێترین تاوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رابگەیەنن. جارێکی دیکە بە نەهاتنەدەر لە ماڵەکانتان، چۆڵکردنی شەقامەکان و داخستنی دوکان و بازاڕ، نمایشێکی پڕ شکۆ لە بێزاربوون و "نا" گوتنی خۆتان بەو ڕژیمە خوێنڕێژ و دژە کوردە، نیشان بدەنەوە. لە هەموو چالاکێکی ئازادیخوازی کورد لە نێوخۆی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش، داوا و چاوەڕوانیمان ئەوەیە بە هەموو توانای خۆیانەوە پشتی ئەم بانگەوازە بگرن و هەوڵی سەرخستنی بدەن.



ڕسوایی و نەمان بۆ ڕێژیمی تیرۆر و سەرکوت و تاوان، کۆماری ئیسلامیی ئێران
سەرکەوێ ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
پێکهاتوو لە:
- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
- کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
- سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
- حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
- حیزبی دیموکراتی کوردستان

١٨ی خەرمانانی ١٣٩٧
٩ی سێپتامبری ٢٠١٨





باسنیوز
Top