باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی كە لە رۆژانی رێوڕەسمە ئاینییەکانی شیعەمەزهەبەکان ئاگاداری خۆیان بن
رۆژی یەکشەممە 9/9/2018، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا رایگەیاندووە، لە مانگی موحەررەمدا نێردراوانی ئەمریکا لە عێراق جموجۆڵەکانیان سنووردار دەکەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە فەرمانبەرانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان و هاووڵاتییانی ئەمریکا، کە لە رۆژانی عاشورا (18/9/2018 تا 21/9/2018) خۆیان لە ناوچە قەرەباڵغەکان بپارێزن.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، کە فەرمانبەر و هاووڵاتییانی ئەمریکی بە تایبەت لە بەسرە دەبێ زۆر وریای خۆیان بن و نەچنە ئەو ناوچانەی گومان دەکرێ خۆپیشاندانیان لێ بکرێت.
لە رۆژانی یەکەمی مانگی موحەررەمی هەموو ساڵێکی کۆچیدا، کە بە رێوڕەسمەکانی عاشورا ناونراوە،، شیعەمەزهەبەکان بەبۆنەی یادی کوژرانی حوسێنی کوڕی عەلی، ئیمامی دووەمی شیعەکان، ماتەم دەگێڕن.
رۆژی هەینی 7/9/2018، خۆپیشاندەرانی بەسرە کونسوڵخانەی ئێرانیان سووتاند و هوتافیان دژی هەژموونی ئەو وڵاتە لە عێراق، دەکێشا.
ئەو خۆپیشاندانانە لە ناوەڕاستی مانگی 7ـی ئەمساڵەوە دژی نەبوونی ئاوی خواردنەوە، کارەبا دەستیان پێ کرد، بەڵام حکوومەت و میلیشیا عێراقییەکان لە بری دابینکردنی داوا رەواکانیان، بە گوللە وەڵامیان دەدەنەوە.
باسنیوز
