ئێران ئەمڕۆیش ناوچە سنوورییەکانی سۆرانی بۆردومان کرد
سیدەكان و حاجی ئۆمەران كە دوو شارەدێی هەرێمی كوردستانن و دەكەونە سنووری قەزاكانی سۆران و چۆمان، هاوسنوورن لەگەڵ وڵاتی ئێران، بەردەوام لەلایەن ئەو وڵاتەوە تۆپباران دەكرێن، ئەوەش نیگەرانی خەڵكی ئەو ناوچانەی بەدوای خۆیدا هێناوە و داوا دەكەن سنوورێك بۆ ئەو تۆپبارانە دابنرێت بۆ ئەوەی چی دیكە نەبنە قوربانی دەستی وڵاتانی ناوچەكە.
ئێحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستان روونیكردەو:" لە 6ی مانگ بەدواوە بەردەوام ئێران سنووری سیدەكان تۆپباران دەكات، بەتایبەتی ناوچەكانی بەربزین، گەلی ڕەش، دەرهۆڵ و كەتینە، رۆژانە بە چڕی ئەو ناوچانە تۆپباران دەكات، بەو هۆیەوە زیانێكی زۆری ماددی بەر ڕەزو باخ و پاوانی سنوورەكە كەوتووە، ڕەوەندە و كۆچەرەكانیش بە ناچاری ناوچەكەیان بەجێ هێشتووە.
گوتیشی:" ئەمڕۆ لە بەیانی تا ئێستا بەردەوام ئێران ناوچەكە تۆپباران دەكات، ئەگەر تۆپبارانەكە هەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، 8 گوند لەو ناوچەیە كە هاووسنوورن لەگەڵ شاری شنۆی وڵاتی ئێران، خەڵكی ناوچەكە، ناچار دەبن ناوچەكانیان بەجێ بهێڵن، كە ئێستا هەندێ لە هاووڵاتیانی ئەو گوندانە ناوچەكەیان چۆڵكردووە".
لەلایەكی دیكەوە لە سنووری شارەدێی حاجی ئۆمەرانیش ئێران بەردەوام ناوچەكە تۆپباران دەكات، هەر لەبەر تۆپبارانەكەی ئەمڕۆ لەو ناوچەیە ڕەوەند و كۆچەران هەموو هاتوونەتە خوارەوە و ترس و دڵەڕاوكێش لای گوندنشینان پەیدابووە و داوا دەكەن ئێران چی دیكە ناوچەكە تۆپباران نەكان، ئەگەرنا ناچار دەبن، ناوچەكە بەجێ بهێڵن".
kdp-
