گۆڕان: بۆردومانکردنی دیموکرات لە کۆیە پاداشتی یەکێتییە بۆ ئێران
کەمێک لەمەوبەر، هێمن شێخانی، بەرپرسی مەکۆی هەولێر و ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، ئەوەی لە کۆیە ڕوودەدات، ”پاداشتنی یەکێتییە بۆ ئێران و پاداشتی ئەو ساختەکارییە گەورەیەیە کە بۆیان کردووە“.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”بە دڵنیاییەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھاوکاریی ئێرانی کردووە، ئەگەرنا ھیچ وڵاتێک ناتوانێت سنووری ھەرێمی کوردستان ببەزێنێت، ئەگەر ھاوکاریی خۆمان نەبێت“.
ڕوونیشی کردەوە: ”ئەم خیانەتە و خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و بەدەیان خیانەتی دیکە، یەکێتی لە دوای ساڵی ١٩٩١ەوە و لە دوای ڕاپەڕینەوە، ئەو مێژووەی شانازی پێوە دەکەن کە لە ڕابردوودا لە شاخ ھەیبووە، بەداخەوە ھەمووی سڕیوەتەوە“.
هەر لە لێدوانەکەیدا،بەرپرسی مەکۆی هەولێری بزووتنەوەکە باسی لەوە کرد کە ”وەک گۆڕان، ئیدانەی ئەم کارە دەکەین، ئەو وڵاتەی کە کردوویەتی و ئەوەی کە ھاوکاری بووە، ھەردووکی ئیدانە دەکەین، کارێکی نا مرۆڤانەیە و دژی کوردایەتییە“.
باسنیوز
