تۆپخانەكانی ئێران، بە چڕی ناوچەی سیدەكان و حاجی ئۆمەران تۆپباران دەكەن
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: "سەعات ١١:٣٠ خولەكی ئەمڕۆ تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان كردووە بە تۆپبارانكردنی كوێستانەكانی بەربەزین و بن پەرێزا لە سنووری شارۆچكەی سیدەكان و، ئێستاش تۆپبارانكردنەكە بە چڕی بەردەوامە".
چەلەبی، گوتیشی: "زیانی گیانی نییە و تەنیا ڕەز و باخی هاووڵاتیان زیانی پێ گەیشتووە، بەڵام تاوەكو تۆپبارانكردنەكە نەوەستێت، نازانین قەبارەی زیانەكان چەندە".
لای خۆیشییەوە فەرزەنک ئەحمەد، بەرێوبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سەعات١١ی پێشنیوەڕۆ جارێکی دیکە تۆپخانەکانی وڵاتی ئێران دەستیان بە تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان لە دەڤەری ئالانەی سەر بە حاجی ئۆمەران کردەووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
فەرزەنک ئەحمەد گوتیشی، تۆپبارانکردنی ئیران بۆ ئەو ناوچانە بە بیانوونی ھەبونی ھێزەکانی پەکەکە و حزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام ھیچ ھێزێک لەو ناوچانە نابیندرێت و بەھۆی ئەوەی ئەو ناوچانە چۆڵ کراون تۆپبارانکردنەکە زیانی نەبووە.
kdp-
