لە پەرلەمانی كوردستان باسی دواخستنی ھەڵبژاردن نەكراوە

لە پەرلەمانی كوردستان باسی دواخستنی ھەڵبژاردن نەكراوە
ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان جەخت دەكەنەوە، وەك پارتی بە ھیچ شێوەیەك ڕازی نابن ھەڵبژاردن دوا بخرێت، بۆیە پێویستە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، ھەموو ئامادەكارییەكی بۆ ھەڵبژاردنی ٣٠/٩/٢٠١٨ كردووە و ھەندێك لایەنیش ھەوڵ دەدەن كە ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا نەكرێت و دوا بخرێت.

لەبارەی ھەڵوێستی پەرلەمانەوە، سەرۆكی لیژنەی یاسایی و ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی، ڤاڵا فەرید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوە دەچێت و و ئێمەیش وەك فڕاكسیۆنی پارتی نە ئامادەین پڕۆژە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان پێشكەش بكەین و نە دەنگیشی بۆ دەدەین، تاوەكو ئێستایش ئەمە ھەڵوێستی ئێمەیە و دەمانەوێت لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت."

لای خۆیشیەوە، شوان شێخ ئەحمەد، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "تاوەكو ئێستا لە پەرلەمانی كوردستان باسی دواخستنی ھەڵبژاردن نەكراوە و، ئێمە پێمان باشە لە وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت و لەگەڵ ئەوەدا نین تەمەنی پەرلەمان درێژ بكرێتەوە."

شێخ ئەحمەد گوتیشی: "ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان خۆمان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئامادە كردووە و، باسی دواخستنیشی نەكراوە لە پەرلەمان، ئەوەی دیكەیش لەسەر لایەنە سیاسییەكان دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت
kdp-
Top