هۆشیار سیوەیلی: پارتی بە ڕاشکاوانە بە ھەموو لایەکی گوتووە ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت
پارتی دیموکراتی کوردستان جەولەیەکی سەردانی بۆ لای لایەنەکان ئەنجام داوە و بە ھەموو لایەنەکانی گوتووە کە ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوە دەچێت، بۆیە ئێستاش سوورە لەسەر ئەوەی ئەو ھەڵبژاردنە لە وادەی خۆی بەڕێوە بچێت.
پەیوەست بەم پرسە، بەرپرسی مەکتەبی پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار سیوەیلی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوە دەچێت و بە ھیچ شێوەیەک دوا ناخرێت، ئەمە ھەڵوێستی فەرمییە و بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنیش پێوستە لایەنەکان بە فەرمیی داوا لە حکومەت بکەن و ھۆکارەکانیش ڕوون بکەنەوە. گۆڕانیش داوای لە پارتی کردووە کە ھەڵبژاردن نەکرێت نەک لە حکوومەت، بۆیە ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت."
هۆشیار سیوەیلی گوتی: "هۆکاری ئەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان سوورە لەسەر ئەوەی ھەڵبژاردنەکە لە وادەی خۆیدا بکرێت ئەوەیە کە ھەڵبژاردنەکە دوا کەوتووە و ساڵی ڕابردوو مانگی ١١ ھەڵبژاردن دوا خرا و ئەمساڵ مانگی پێنج سەرۆکی حکوومەت پێوەندیی بە ھەموو لایەنەکانەوە کردووە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و ٣٠ی ئەم مانگە بە ڕاوێژ لەگەڵ ھەموو لایەنەکان دانراوە و ئەوکات ھەموو لایەنەکان ڕازی بوون، ئێستا بۆ ڕازی نین. جگە لەوەش، پێویستە حکوومەت و پەرلەمان نوێ بکرێنەوە."
سیوەیلی گوتیشی: "ھەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسییە و تێناگەم ئەو لایەنانەی بانگەشەی دیموکراسی دەکەن بۆ ئێستا ھەڵبژاردن نەکرێت، بۆیە ھەرچۆنێک بێت پێویستە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و دوا نەخرێت و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە ڕاشکاوانە بە ھەموو لایەنەکانی گوتووە پێویستە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت."
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداش، هۆشیار سیوەیلی گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داواکاری خۆیان پێشکەشی ھەردوو بەرەی شیعە کردووە و ئەوانیش دیراسەی دەکەن، کامە لایەن ئامادەی جێبەجێکردنی زۆرترین داواکاری بێت پشتگیری لەو لایەنە دەکەین و دەبینە ھاوپەیمان و پێمان باشە ھەردوو بەرەی شیعە ببنە یەک کوتلە و کاریگەریی ھیچ وڵاتێکی ھەرێمیان لەسەر نەبێت و بەرژوەندیی خەڵکی عێراق لەبەرچاو بگرن و بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی کوردیش دەستور جێبەجێ بکرێت و حکوومەتی داھاتوو لەسەر بنەمای ھاوسەنگی و تەوافق و شەراکەت دامەزرێت."
سیوەیلی باسی لەوەش کرد: "ڕەنگە فشار لەسەر ھەرێمی کورستان ھەبێت پشتگیری لە کامە لایەن بکات، بەڵام تاکە پێوەری ئێمە جێبەجێکردنی داواکاریی خەڵکی کوردستانە و ھاوپەیمانیش لەگەڵ ئەو لایەنە دەکەین کە داواکاریی ئێمە جێبەجێ بکات."
kdp-
