ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرا: پشتگیریی سەرۆک بارزانی بەرز دەنرخێنین
ماوەیەکە لە شاری بەسرا خۆپێشاندان دەکرێن و چەندین قوربانی بە دوای خۆیدا هێناوە، داواکارییەکانی خەڵکی شارەکە بریتین لە نەبوونی خزمەتگووزاری لە شارەکە و چەندین داواکاریی دیکە و وەک خۆپێشاندەرەکان دەڵێن شارەکەیان لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە پشتگوێ خراوە.
لەو بارەیەشەوە، د. سەفاء موسلم ئەلبەندەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: "داواکارییەکانی شاری بەسرا لە جێگای خۆیانن و بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی خۆپێشاندەرانی شاری بەسرا دەکەین، چونکە ئەوان داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن."
پەیوەست بەمەش، سەرۆک بارزانی، بۆ پشتگیریکردنی شاری بەسرا پەیامێکی بڵاو کردەوە و لە بەیاننامەکەشدا هاتووە: "ئێمە هەرگیز لوتف و گەرمی و موحەبەتی خەڵكی بەڕێزی شاری بەسرا لەیاد ناكەین، كاتێك بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە بارزانی نەمر و یاوەرانی كرد، كە لەبەر خەباتیان لە دژی ستەم و جیاكاری بۆ ساڵانێكی درێژ پەنایان بۆ یەكێتیی سۆڤییەت بردبوو. بۆیە لێرەدا هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆمان بۆ هاووڵاتیانی شاری بەسرا ڕادەگەیەنین و هیوادارین ڕێز لە مافەكانیان بگیرێت و داخوازییەكانیان جێبەجێ بكرێن، كە لە ڕاستیدا ئەو داواكارییانە سادەترین مافە كە پێویستە هەر مرۆڤێك هەیبێت."
ئەلبەندەر دەڵێت: "لە نێو خۆپێشاندەراندا هەندێک لایەن هەن دەیانەوێت خۆپێشاندانەکە بەرەو ئاراستەی تر ببەن و بەرەو ئاژاوەگێڕی ببەن و دەبێ حکوومەتی عێراق کار بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی شاری بەسرا بکەن."
ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی شاری بەسرا دەشڵێت: "ئەمڕۆ لە کاتی سەرلەبەیانییەوە لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە بڵاوبوونەوەیەکی زۆر لە شاری بەسرا هەیە و داواکارییەکانی خەڵکی شاری بەسرا زۆرن و دەبێ حکوومەتی عێراق بە دەم داواکارییەکانمانەوە بێت."
ئەلبەندەر گوتیشی: "پێش دوو مانگیش وەک ئەنجومەنی شاری بەسرا کۆبوونەوەمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردووە بۆ بەهەرێمبوونی شارەکە، چونکە ئەمە مافێکی خۆمانە و بەشێكە لە داواکاریمان و بەشێکیشە لە چارەسەری کێشەکە."
لە دواییشدا ئەلبەندەر گوتی: "پشتیوانیی خەڵک و هەڵوێستی سەرۆک بارزانی بەرز دەنرخێنین بۆ پشتگیریکردنی داوکارییەکانی خەڵکی بەسرا، چونکە پشتگیرکردنیان هەمان شێوە داواکاریی ئێمەیە."
شاری بەسرا سێیەمین شاری هەرە گەورەی عێراقە و دەکەوێتە ئەوپەڕی باشووری عێراق و بە پایتەختی ئابووریی عێراق دادەنرێت و ژمارەی دانیشتوانەکەی ملیۆن و نێوێکە.
kdp-
