حکوومەت لە ڕێگەی لیژنەیەکی باڵاوە کار بۆ چارەکردنی کێشەکانی وەبەرھێنان دەکات
تاھیر عەبدوڵڵا، جێگری پارێزگاری ھەولێر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە لایەن سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە لیژنەیەکی باڵا بۆ چارەکردنی کێشەکانی کەرتی وەبەرھێنان پێک ھاتووە و ئێستا لیژنەکە لەگەڵ دەستەی وەبەرھێنان کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن و لە ڕێگەی ئەو لیژنەیەوە حکوومەت دەیەوێت کێشەکانی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان چارەسەر بکرێن و کۆتایی بەو پرسە بێت."
تاھیر عەبدوڵڵا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد: "لە سنووری پارێزگای ھەولێر چەندین پڕۆژەی وەبەرھێنان کە ھی ساڵانی پێشوون کێشەیان تێدا ھەیە و لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە ژمارەیەک وەبەرھێنەر دەستگیر کراون وەک سەرەتایەک بۆ لێپرسینەوە لە وەبەرھێنەرە کەمتەرخەمەکان."
لە ساڵانی ڕابردوو لە ڕێگەی یاسای وەبەرھێنانەوە زیاتر لە ١٨٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست کراون و بەشێکی پڕۆژەکان بە ھۆی کەتەرخەمییەوە سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر ھێشتا تەواو نەکراون، جێگری پارێزگاری ھەولێر ڕوونی کردەوە: "دەمانەوێت لە ڕێگەی دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکانەوە مافی ھاووڵاتیان وەربگرینەوە، ئەوانەی پێشتر یەکەی نیشتەجێبوونیان کڕیوە لەو وەبەرھێنەرانە و دەبێ پڕۆژەکانیش تەواو بکرێن، چونکە مافی ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی فەوتاوە."
kdp-
