هۆشیار مالو: لە باشووری عێراق شێتک نەماوە بە ناوی مافی مرۆڤ

 	 هۆشیار مالو: لە باشووری عێراق شێتک نەماوە بە ناوی مافی مرۆڤ
- خۆپێشاندانەکانی شاری بەسڕای باشووری عێراق بەردەوامە و تەنیا لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە دە خۆپێشاندەر کوژراون و ژمارەیەکی بەرچاویش بریندار بوون. سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردیش ڕەخنە لە حکوومەتی عێراق دەگرێت لەوەی خۆپێشاندەران سەرکوت دەکرێت.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا خۆپێشاندەرانی شاری بەسڕای باشووری عێراق بە ھۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتاییەوە شەپۆلێکی دیکەی خۆپێشاندانیان ئەنجام دا و دواتر توندوتیژی لێ کەوتەوە. بە پێی زانیاریی میدیاکانی عێراق تەنیا لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا ١٠ خۆپێشاندەر کوژراون و زیاتر لە ١٠٠ خۆپێشاندەریش بریندار بوون. لەوبارەیەوە هۆشیار مالو، سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کورد ئاشکرای کرد، لە باشووری عێراق شتێک نەماوە بە ناوی مرۆڤ، چونکە سەرەڕای بودجەیەکی زۆری دەوڵەتی عێراق ھێشتا ھاووڵاتیانی شارێکی وەک بەسڕا لەدەست نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی خۆپێشاندان بەڕێوە دەبن، ئەوەش ئاماژەیەکی ڕوونە مافی مرۆڤ بوونی نەماوە لە عێراق.

شەوی ڕابردوو خۆپێشاندەرانی بەسڕا دەرگای ئوم قەسری نێودەوڵەتیان داخست و بەو ھۆیەوە بزاڤی بازرگانیی نێوان جیھان و عێراق وەستا، ھەر شەوی ڕابردوو خۆپێشاندەران تەلاری شارەوانیی شاری بەسڕایان سووتاند، ئەوەش لە بەرامبەر مامەڵەی ھێزە ئەمنییەکان. سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کورد بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "مامڵەی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بەو شێوەیە لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی خۆپێشاندەران پێشێلکاریی زۆر گەورەن و دەچنە خانەی تاوانەوە، لەبەر ئەوەی ناکرێت ھێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکوومەت بۆ داوای خزمەتگوزاری خۆپێشاندەران سەرکوت بکەن، ڕەفتاری ھێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپێشاندەرانی باشوور ھەمان مامەڵەی ئەو ھێزانەیە لەگەڵ گرووپی ترۆریستیی داعش."

دەربارەی چارەکردنی کێشەی داخوازیی خۆپێشاندەران و لێپرسینەوە لەگەڵ لایەنە کەمتەرخەمەکان، هۆشیار مالو دەڵێت: "حکوومەتی عێراق بەڵێنی دابوو لە ڕووداوەکانی قەزای فەلووجەدا لێپرسینەوە بکات کە پێنج ساڵ لەمەوبەر ڕوویان دا، کەچی ھێشتا وەک خۆیەتی، ئینجا بۆ خۆپێشاندانەکانی ئێستای باشووریش ھەمان لێپرسینەوەی دەبێت کە دڵنیام ناکرێت، ئەگەر حکوومەت نیەتی ھەبوایە، ھیچ نەبوایە دەیتوانی چوار ئەفسەری کەمتەرخەم دەستگیر بکات و بیدات بە دادگا، مافی خۆپێشاندان لە عێراق نییە و ھەموو سنوورێکی دەرباز کردووە."
kdp-
Top