ھۆزە عەرەبەکان نامەیەکی خەڵکی بەسرا دەگەیەننە حکوومەتی ھەرێم
ماوەیەکە خەڵکی بەسرا بۆ داواکاریی ڕەوای خۆیان خۆپێشاندان دەکەن و حکوومەتی عێراقیش لە ڕێگەی ھێزە ئەمنییەکانی خۆیەوە ڕووبەڕووی خۆپێشاندەران دەبێتەوە و تاوەکو ئێستا ژمارەیەکیان شەھید کردوون و ژماریەکی زۆریش بریندار بوونە.
شێخ مزاحم ئەلحویت، وتەبێژی ھۆزە عەرەبەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەریمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەکو ھۆزە عەربەکانی ناوچە کوردستانییەکان دوای ھەماھەنگیکردن لەگەڵ ھۆزەکانی بەسرا و گەیاندنی دەنگی ئەوان بە ئێمە، ئێمەش بە نوێنەرایەتیی ئەوان دەنگ و نامە و داواکاریی ئەوان دەگەیەنین بە حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی ئەمەریکا و یەکێتیی ئەوروپا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمکاری عەرەبی."
شێخ مزاحم ئەلحویت گوتی: "داوایان لێ دەکەین بە ھانای خەڵکی بەسراوە بێن بۆ ڕزگارکردنیان لەو تاوانانەی بەرامبەریان دەکرێت لە گرتن و ئەشکەنجەدان و کوشتن، کە داوای کەمترین مافی خۆیان دەکەن و لە لایەن حکوومەتیشەوە پشتگوێ خراون و بە جۆرێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن کە بە ھیچ شێوەیەک ڕەحمیان پێ ناکەن."
ئەلحویت گوتیشی: "ئێمە دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی خەڵکی بەسرا و لەگەڵیان دەبین و دواکارین ھاوکاریی مرۆییان بۆ ڕەوانە بکرێت و ھۆشداریش دەدەین لەو کردارانەی بەرامبەر بە خۆپێشاندەران دەکرێن، چونکە مافی دەستووریی خۆیانە و لە پێناو کەمترین مافدا خۆپێشاندان دەکەن کە لە لایەن گەندەڵکارانەوە لێیان دزراوە."
kdp-
