تۆپخانەکانی ئێران دەڤەری سیدەکان تۆپباران دەکەن

 تۆپخانەکانی ئێران دەڤەری سیدەکان تۆپباران دەکەن
بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەک کەلە سیدەکان بە (باسنیوز) گەیشتووە، لە کاتژمێر 11ی بەیانیی ئەمڕۆوە تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی چیا و کوێستەنەکانی دەڤەری سیدەکانیان تۆپباران کردووە.



ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد: "تۆپبارانەکە لەلایەن تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بووە و کاتژمێر 11ی ئەمڕۆ چوارشەممە 2018/9/6 و کوێستانەکانی "بەربزین"یان داوەتە بەر تۆپ و ماوەی نیو کاتژمێر بەردەوام بووە کە هەندێ مەقەڕ و بارەگای پێشمەرگەی (حدکا)ی تێدایە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە".



هەر لەمبارەوە ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە کەناڵی (کوردستان 24)ی ڕاگەیاندووە: "ئێران ناوچەکانی "بەربزین، بەنێ، کەتێنە و بن پەرێز"یان لە دەڤەری برادۆستی تۆپباران کردووە و پوش و پاوانی ناوچەکە ئاگری گرتووە".



سەرچاوەیەکی تایبەت لە چیاکانی سیدەکانەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر کە تۆپخانەکانی ئێران ئەو ناوچەیان تۆپباران کرد، هەموو پووش و پاوان و سروشتی ناوچەکە سووتا، بۆیە ئێستا هیچی لێ نەماوەتەوە کە بسووتێت".



ڕێکەوتی 2018/7/26 کۆماری ئیسلامی بارەگای پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی لە دەڤەری سیدەکان بۆردومان کرد کە بەو بۆنەوە دوو پێشمەرگە بەناوەکانی "ڕەحیم رۆستەم داستان و ئیدریس دەروێشی" شەهید بوون و پێشمەرگەیەکی دیکەش شەهید بوو".



لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا تۆپخانەکانی سوپای پاسداران بە بیانووی بوونی بارەگا و مەقەڕی پارەتاکنی ڕۆژهەڵات لە نزیک سنووری سیدەکان، نزیکەی 10 جار ئەو ناوچە سنووریانەیان تۆپباران کردووە کە جیا لە زیانی گیانی، خەسارێکی زۆریش بە سروشت و دارستانەکانی هەرێمی وکردستانیش گەیشتووە.



بەپێی زانیاریی هاووڵاتیان سوپای پاسداران لە هەندێ شوێنی وەک "پشدەر و بتوێن" بنکە و بارەگا سەربازییەکانیان لەناو خاکی هەرێمی کوردستان داناوە و سنووریان بەزاندووە.


باسنیوز
Top