هەولێر.. کەسێک لە بازاڕی دراو دزییەکی ئەنجامدا و پۆلیس دەستگیری کرد
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت کە دوای ئەوەی پۆلیس ئاگادارکرانەوە لە بوونی ڕووداوێکی دزی لە بازاڕی دۆلارفرۆشان، پۆلیس دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕووداوە کردەوە و توانی لەماوەیەکی کەم تۆمەتبار دەستگیر بکات.
عەقید هندرێن خەسرۆ، بەڕێوەبەری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوەڕاست لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئاگادارکراینەوە لە بوونی ڕووداوێکی دزیکردن لە بازاڕی دۆلار فرۆشان ئێمەش لەماوەیەکی کەم بە پشت بەستنمان بە کامێرای چاودێری توانیمان ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکەین و لە بۆسەیەکدا دەستگیری بکەین".
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی پۆلیسی هەولێر "تۆمەتبار بەناوی (ع. چ. ج.)، تەمەن (٣٦) ساڵ، بەڕەگەز عەرەبە، دوای دەستگیرکردنی دانینا بەتاوانەکەی کەوا هەڵسابوو بە دزینی بڕی (١٤٩٠٠) چواردە هەزار و نۆ سەد دۆلاری ئەمریکی و (۲٫٥۰۰٫۰۰۰) دوو ملیۆن و پێنچ سەد هەزار دیناری عیراقی لە بازاڕی دۆلار فرۆشان".
پۆلیسی هەولێر ڕاشیگەیاندووە کە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە ڕێکخراوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەر کراوە و بڕیاری داوە بە بەندکردنی تۆمەتبار بەپێی ماددە (٤٤٤) لە ی.س.
bas news-
