دیندار زێباری: رۆڵی یونامی و ئاژانسەکانی یوئێن وەک پێویست نییە
لە ماوەی ڕابردوودا چەندین ڕێکخراو و لایەنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتی خۆیان سەبارەت بە ڕەوشی عێراق و ئەو ڕووداوانەی لەم وڵاتە ڕوویان داوە، بڵاو کردەوە، لە زۆرینەی ئەو ڕاپۆرتانەدا باس لە ڕۆڵی کاریگەر و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ هاوکاریی ئاوارە و پەنابەران نەکراوە. دواین ڕاپۆرت کە ڕاپۆرتی وەرزیی یونامییە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی ڕوون و شەفافانە باس لە هەوڵ و کۆششەکانی هەرێم و ئەو ئاستەنگ و سەختیانەی کە بە هۆی لێشاوی هاتنی ئاوارە و پەنابەران ڕووبەڕووی هەرێم بووەتەوە، نەکراوە.
دەقی لێدوانەکە بەم شێوەیەیە:
ڕۆژی ٨ی ئابی ٢٠١٨، یان کۆبیش، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی و سەرۆکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) وتاری وەرزیی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی عێراق پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش کرد. لە وتارەکەیدا یان کۆبیش بە شێوەیەکی ڕوون و شەفافانە باسی لەو ئاستەنگ و قەیرانانە نەکردووە کە حکوومەتی هەرێم ڕووبەڕووی بووەتەوە، ئەگەرچی دروستتر وابوو یوئێن لەو ڕاپۆرتە وەرزیانەی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەکات هەڵوێستەکانی هەرێم و ئەو سەختی و بارگرانییەی کەوتووەتە سەرشانی ڕوونتر و شەفافانەتر ئاراستە بکات، بەتایبەتی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی و سەرۆکی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق کە لە عێراقە بۆ ئەوەی لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە ئاستەنگەکان وەک خۆی پێشکەش بکرێت.
یوئێن لە ماوەی ڕابردوودا نەیتوانیوە ڕۆڵی کارا بگێڕێت لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەتی لە ڕووی سەقامگیری، ئەمنی، سیاسی و ئابووری، هەروەها ڕۆڵێکی گرینگی نەبووە بۆ هاندنی جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان. لەم ماوانەی دواییدا و لەو گرژی و ئاڵۆزییانەی ڕووی دا بە داخەوە لایەنەکانی یونامی واقعی هاووڵاتیانی سڤیلیان پێشکەش بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەکردووە و ڕۆڵی کارایان نەبووە لە هاندانی لایەنە عێراقییەکان بۆ پابەندبوون بە پرەنسیپە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان.
ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە لە لایەن هاووڵاتیانی هەرێمەوە گلەییەکی زۆر هەیە لە ڕووی دامەزراندن و سوودوەرگرتن لە ڕێژەی ئەو هاووڵاتیانە کە لە هەرێم نیشتەجێن وەک کارمەند لە ناو دامودەزگاکانی یونامی و ئاژانسەکانی یوئێن. لەم ڕووەوە حکوومەتی هەرێم وەک هاوبەشێکی کارا ڕۆڵی پێنەدراوە کە بتوانێت زامنی بەشداریی هاووڵاتیانی هەرێم بێت لە دامەزراندنیان لە دامودەزگاکانی یونامی و ئاژانسەکانی یوئێن بەڵکو زۆرینەی ئەو کەسانەی کارمەندن کەسانێکن لە دەرەوەی هەرێم هێندراون، ئەمە لە کاتێکدایە یونامی بارەگای دیکەی لە بەغداد و بەسڕە هەیە.
لە کاتی پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکانیان یونامی و ئاژانسەکانی یوئێن بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ڕووی مرۆییەوە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم و ڕۆڵی هەرێم بەرجەستە ناکرێت، بەتایبەت لە ڕووی حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەران، هەروەها نەتواندراوە هاوکاریی جددیی حکوومەتی هەرێم بکرێت لە ڕووی دابینکردنی بودجەوە و ئەو هاوکارییەش کە کراوە لە ڕێگای خودی ئاژانسەکانەوە پێشکەش کراوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی ستراتیژیەت و نەخشەڕێگای تایبەت و دەستنیشانکردنی ئەولەویات لە ناوەوە و دەرەوەی کەمپەکان. زۆرینەی ئەو ئاژانسانە ئیستا هاوکارییەکانیان چڕ کردووەتەوە، بەڵام لە ناوچەکانی دیکەی عێراق نەک لە هەرێم، ئەوەشیان پشتگوێ خستووە کە زۆرینەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستانن و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، تەنانەت پاش ڕزگارکردنی ناوچەکانیان، بۆ نموونە، زیاتر لە ٣٦٠ هەزار کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە و پاش ڕزگارکردنی ناوچەکانیان تەنیا ٣٥ خێزان لەوان گەڕاونەتەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و ئەوانی دیکە لە هەرێم ماونەتەوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە پێویستە هاوکارییەکان بەردەوام بن بۆ ئەوانەی ئاوارەن لە هەرێم.
بە هەمان شێوە پەنابەرانی ڕۆژئاوا، ئاژانسەکانی یوئێن خەریکن ئەو هاوکارییانەی کە هەیانە کەمی بکەنەوە، بەتایبەتی لە ڕووی تەندروستی و پەروەردەوە، گوایە لایەنە کۆمەکبەخشەکان لە ژێر فشاری حکوومەتی ئیتیحادی بۆ ساڵی داهاتوو هاوکارییەکان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق دەبەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر دانیشتووی هەرێمی کوردستانن. هەر بۆیە لەم ڕووەوە حکوومەتی هەرێم لە بودجە و میزانییەی خۆی و بە بەکارهێنانی دامودەزگاکانی خۆی کە ژمارەیەکی زۆر کەوادیری حکوومیی تێدان خەریکی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە لە ڕووی کارەبا، پەروەردە، ڕێگاوبان، ئەمنی و... هتد.
لە کۆتاییدا داواکارین یوئێن و ئاژانسەکانی، پشتگیری لە حکوومەتی هەرێم و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بکەن لە ڕووی مرۆییەوە، لە هەمان کاتیشدا ڕۆڵێکی کاریگەرتریان هەبێت و هاوکار بن بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پێکەوەژیان.
kdp-
