موحسین سەعدوون: ئەو تەفسیرەی دادگای فیدراڵی نەبووایە، تووشی ئەو كێشەیە نەدەبوون

 	 موحسین سەعدوون: ئەو تەفسیرەی دادگای فیدراڵی نەبووایە، تووشی ئەو كێشەیە نەدەبوون
سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق گوتی، بەپێی دەستوور، ئەو كوتلەیەی واژۆی پەرلەمانتارانی كۆ كردووەتەوە، دەبێتە گەورەترین كوتلە، چونكە كوتلەیەكی دیكە تەنیا واژۆی سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی كۆ كردووەتەوە، كە رەنگە ھەموو پەرلەمانتاران پشتگیری لەو كوتلەیە نەكەن.

كوتلەی سائیروون، واژۆی پەرلەمانتارانی كۆ كردووەتەوە و خۆی بە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی ناساندووە، كوتلەی فەتحیش واژۆی سەرۆكی كوتلەكانی كۆ كردووەتەوە و خۆی بە گەورەترین كوتلە دەزانێت، بۆیە سەرۆكی بەتەمەنی پەرلەمان ھەردوو داواكارییەكەی بۆ دادگای فیدراڵی رەوانە كردووە و چاوەڕێی بڕیاری دادگان.

پێوەست بەم پرسە، موحسین سەعدوون، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بەپێی دەستووری عێراق، ئەو كوتلەیەی زۆرترین ژمارەی پەرلەمانتاری لەگەڵدایە، مافی ئەوەی ھەیە ببێتە گەورەترین كوتلە و كابینەی نوێی حكوومەت پێك بێنێت، بۆیە پێویستە دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی بدات و یەكێك لەو دوو كوتلەیەی خۆیان بە گەورەترین دەزانن، بكاتە گەورەترین".

سەعدوون گوتیشی: "بە ڕای من، ئەو كوتلەیەی واژۆی پەرلەمانتارانی كۆ كردووەتەوە، گەورەترین كوتلەیە نەك ئەوەی تەنیا واژۆی سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی كۆ كردووەتەوە، چونكە گۆڕانكاریی زۆر دەكرێت، بۆ نموونە لە كوتلەی نەسر، ئەندامانی سەر بە فالح فەیاز ھەموو جیا بوونەتەوە، بۆیە سەرۆكی فڕاكسیۆن ناتوانێ بە ناوی ھەموو پەرلەمانتارانی خۆیانەوە واژۆ بۆ گەورەترین كوتلە بكات".

دەشڵێ: "ئەو كێشەیەی دروست بووە، دادگای فیدراڵی لە ساڵی ٢٠١٠ دروستی كرد، چونكە پێشتر پێویست بوو پێش ھەڵبژاردن گەورەترین كوتلە دروست بكرێت نەك دوای ھەڵبژاردن، بۆیە ئەگەر ئەو تەفسیرەی دادگا نەبووایە، ئێستا تووشی ئەو كێشەیە نەدەبووین و پێش ھەڵبژاردن گەورەترین كوتلە خۆی یەكلا دەكردەوە، بەوەی كە ئەوەی زۆرترین كورسیی بە دەست ھێنابووایە، حكوومەتی پێك دەهێنا".
kdp-
Top