پڕۆژە ڕاگیراوەکانی سنووری ھەولێر دەستیان پێ کردووەتەوە

 	 پڕۆژە ڕاگیراوەکانی سنووری ھەولێر دەستیان پێ کردووەتەوە
بەڕێوبەری گشتیی دەستەی وەبەرھێنانی ھەولێر گوتی، بە ھۆی قەیرانی دارایی نزیکەی ٧٠ پڕۆژە لە سنووری ھەولێر ڕاگیرابوون. ئێستا پڕۆژەکان دەستی پێ کردووەتەوە و بەشێکیان ماون، ئەوانیش لە بەڵێندەرەکان وەرگیراونەتەوە و دەدرێن بە بەڵێندەری تازە بۆ ئەوەی تەواو بکرێن.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە کە سەرجەم پڕۆژە ڕاگیراوەکانی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەست پێ کەنەوە و ھەر پڕۆژەیەکیش بەڵێندەرەکانی دەست پێ نەکەنەوە، لێیان وەردەگیرێتەوە.

پەیوەست بەو پرسە، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرھێنانی ھەولێر، سامان عارەب، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران تاوەکو دوای جەژن مۆڵەت درابوو بەڵێندەرەکانی سنووری ھەولێر ئەو پڕۆژانەی بە ھۆی قەیرانی دارایی ڕاگیرابوون دووبارە دەست پێ بکرێنەوە و بەشێکی زۆری بەڵێندەرەکان دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و تەنیا ژمارەیەک پڕۆژە ماون، کە لە بەڵێندەرەکان وەرگیراونەتەوە و دەدرێنە بەڵێندەری تازە."

سامان عارەب گوتیشی: "لە سنووری پارێزگای ھەولێر نزیکەی ٧٠ پڕۆژە کە لە بواری جیاجیادا ئەنجام دەدران بە ھۆی قەیرانی داراییەوە ڕاگیرابوون، بەڵام ئێستا سەرجەم پڕۆژەکان دەست پێ دەکەنەوە و دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە."
kdp-
Top