پارێزگاری کەرکووک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ١٩ ڕۆژنامەنووس دەرکردووە
لە دوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئیدارەی کەرکووک بە ھەموو شێوەیەک دژایەتیی کوردی کردووە و ھەرجارە و بە بیانوویەک دژایەتیی کورد دەکات و تەنانەت ڕۆژنامەنووسانی کوردیش لەو دژایەتیکردنە بەدەر نەبوون، بۆیە فەرمانی گرتنی بۆ دەرکردوون.
پەیوەست بەم پرسە، سکرتێری لقی کەرکووکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، مەھدی زریان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئیدارەی کەرکووک پێشێلکاریی زۆری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی کورد کردووە و نزیکەی ٤٠ پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە، کە ئەمەش ڕێژەیەکی یەکجار زۆرە بەراورد بە پێش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر."
مەھدی زریان گوتیشی: "پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت زۆر بە خراپی مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی کەرکووک دەکات و فەرمانی گرتنی بۆ ١٦ ڕۆژنامەنووسی کورد و سێ ڕۆژنامەنووسی عەرەبیش دەرکردووە."
زریان باسی لەوەش کرد: "پێشێلکاریی زۆر بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی کورد لە کەرکووک دەکرێت و بە ھیچ شێوەیەک ژیانیان پارێزراو نییە و مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە کە بڕفێندرێن، یان تیرۆر بکرێن."
ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتریش پارێزگاری کەرکووک بە نووسراوی فەرمی داوای لە ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووک کردووە، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنووسانە بکەن و تەنانەت بەشێکی ڕۆژنامەنووسەکانی بە ھەبوونی پێوەندی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستەکان تۆمەتبار کردووە.
kdp-
