پارێزگاری کەرکووک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ١٩ ڕۆژنامەنووس دەرکردووە

 	 پارێزگاری کەرکووک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ١٩ ڕۆژنامەنووس دەرکردووە
سکرتێری لقی کەرکووکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی، پارێزگاری کەرکووک بەوەکاڵەت فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ١٩رۆژنامەنووسی کەرکووک دەرکردووە، کە زۆرینەیان کوردن.

لە دوای ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئیدارەی کەرکووک بە ھەموو شێوەیەک دژایەتیی کوردی کردووە و ھەرجارە و بە بیانوویەک دژایەتیی کورد دەکات و تەنانەت ڕۆژنامەنووسانی کوردیش لەو دژایەتیکردنە بەدەر نەبوون، بۆیە فەرمانی گرتنی بۆ دەرکردوون.

پەیوەست بەم پرسە، سکرتێری لقی کەرکووکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، مەھدی زریان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ئیدارەی کەرکووک پێشێلکاریی زۆری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی کورد کردووە و نزیکەی ٤٠ پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە، کە ئەمەش ڕێژەیەکی یەکجار زۆرە بەراورد بە پێش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر."

مەھدی زریان گوتیشی: "پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت زۆر بە خراپی مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی کەرکووک دەکات و فەرمانی گرتنی بۆ ١٦ ڕۆژنامەنووسی کورد و سێ ڕۆژنامەنووسی عەرەبیش دەرکردووە."

زریان باسی لەوەش کرد: "پێشێلکاریی زۆر بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی کورد لە کەرکووک دەکرێت و بە ھیچ شێوەیەک ژیانیان پارێزراو نییە و مەترسی لەسەر ژیانیان ھەیە کە بڕفێندرێن، یان تیرۆر بکرێن."

ئەمەش لە کاتێکدایە، پێشتریش پارێزگاری کەرکووک بە نووسراوی فەرمی داوای لە ھێزە ئەمنییەکانی کەرکووک کردووە، لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنووسانە بکەن و تەنانەت بەشێکی ڕۆژنامەنووسەکانی بە ھەبوونی پێوەندی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستەکان تۆمەتبار کردووە.
kdp-
Top