سەرۆک بارزانی: خەڵکی کوردستان لە گەیاندنی یارمەتی بە بەسرە درێخی ناکەن
لە پەیامێکدا کە کەمێک لەمەوبەر بڵاو کراوەتەوە، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە داوە، بە ڕووداوەکانی شاری بەسرە و گیانلەدەستدان و برینداربوونی خەڵکی ناڕازیی و پێشھاتەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەو شارە زۆر نیگەرانن، بۆیە ھاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان کردووە و ھیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ برینداران خواستووە.
سەرۆک بارزانی ڕای گەیاندووە: ”لەگەڵ ئەوەی خۆپێشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی بە مافی خەڵک دەزانین، لە ھەمان کاتدا پێمانوایە خەڵکی ئەو شارە مافی خۆیانە لە ژیانێکی شاییستەدا بژیین. جێی سەرسوڕمانە کە لە دەوڵەمەندترین شاری دونیادا خەڵک بە دەستی کێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بناڵێنێت و ئەو مەحروومیەت و پشتگوێخستنە ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت“.
سەرۆک بارزانی جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ھەرگیز لوتف و گەرمی و موحەبەتی خەڵکی شاری بەسرە لەیاد ناکەن، کاتێک بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە بارزانیی نەمر و یاوەرانی کرد کە لەبەر خەباتیان لەدژی ستەم و جیاکاری بۆ ساڵانێکی درێژ پەنایان بۆ یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بردبوو. بۆیە ”ھاوسۆزیی و پشتیوانیی خۆمان بۆ ھاووڵاتیانی شاری بەسرە ڕادەگەیێنین و ھیوادارین ڕێز لە مافەکانیان بگیرێت و داخوازییەکانیان جێبەجێ بکرێن کە لە ڕاستیدا ئەو داواکارییانە سادەترین مافە کە پێویستە ھەر مرۆڤێک ھەیبێت“.
داواشی لە خەڵکی شاری بەسرە کردووە، بۆ ئەوەی ژیانی خەڵک نەکەوێتە مەترسی، خۆپێشاندانەکان ئاشتییانە و دوور لە توندوتیژی بن. بە دڵنیاییشەوە ”خەڵکی ھەرێمی کوردستان ئەوەی لەدەستیان بێت بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ ھاووڵاتییانی شاری بەسرە درێخی ناکەن“.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ خەڵکی شاری بەسڕا
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
بە ڕووداوەکانی شاری بەسڕا و گیانلەدەستدان و برینداربوونی خەڵکی ناڕازیی و پێشھاتەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەو شارە زۆر نیگەرانین، ھاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و کەسوکاری قوربانیان دەکەم و ھیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران دەخوازم.
لەگەڵ ئەوەی خۆپێشاندان وده ربڕینی ناڕەزایی بە مافی خەڵک دەزانین لە ھەمانکاتدا پێمانوایە خەڵکی ئەو شارە مافی خۆیانە لە ژیانێکی شاییستەدا بژیین. جێی سەرسوڕمانە کە لە دەوڵەمەندترین شاری دونیادا خەڵک بە دەستی کێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بناڵێنێت و ئەو مەحروومیەت و پشتگوێخستنە ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت.
ئێمە ھەرگیز لوتف و گەرمی و موحەبەتی خەڵکی بەڕێزی شاری بەسڕا لەیاد ناکەین کاتێک بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە بارزانیی نەمر و یاوەرانی کرد کە لەبەر خەباتیان لەدژی ستەم و جیاکاری بۆ ساڵانێکی درێژ پەنایان بۆ یەکێتی سۆڤییەت بردبوو. بۆیە لێرەدا ھاوسۆزیی و پشتیوانیی خۆمان بۆ ھاووڵاتیانی شاری بەسڕا ڕادەگەیێنین و ھیوادارین ڕێز لە مافەکانیان بگیرێت و داخوازییەکانیان جێبەجێ بکرێن کە لە ڕاستیدا ئەو داواکارییانە سادەترین مافە کە پێویستە ھەر مرۆڤێک ھەیبێت. داوا لە خەڵکی بەڕێزی شاری بەسڕا دەکەم کە بۆ ئەوەی ژیانی خەڵک نەکەوێتە مەترسی خۆپێشاندانەکان ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی بن. بە دڵنیاییەوە خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش ئەوەی لەدەستیان بێت بۆ گەیاندنی یارمەتی بۆ ھاووڵاتیانی شاری بەسڕا درێخی ناکەن.
مسعود بارزانی
٥ـی ٩ـی ٢٠١٨
باسنيوز
