فوئاد مەعسووم جارێکی دیکە یەکێتی شەرمەزار دەکات
پاش ئەوەی لە وتارەکەیدا کە ڕۆژی دووشەممە ٣ی ئەیلوولی ٢٠١٨ لە یەکەمین دانیشتنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق پێشکەشی کرد و هیچ ئاماژەیەکی بە کورد و کوردستان و پێشمەرگە نەکرد، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ڕەخنەیەکی زۆر لە فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری عێراق گیرا و چوار ساڵی کارکردنی وەک سەرۆک کۆمار، بە ”مایەی شەرمەزاری بۆ خۆی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لێک درایەوە“.
لەمبارەیەوە ڕێبوار عەبدولڕەحمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕايگەیاند: "فوئاد مەعسووم نە وەک سەرۆک کۆمارێک و نە کوردێکیش ڕۆڵی خۆی نەبینی، خۆ ناکرێت لە عەرەبێک زیاتر عێراقچێتی بکات، چونکە عەرەبەکان کە لە پۆستێک دان و قسە دەکەن، ناوی کورد وەک ھاوبەشێک لە عێراق دێنن، کەچی فوئاد مەعسووم کە کوردە و لە پشکی کورد دانراوە، ئەوەی نەکردووە".
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونی کردەوە کە دەبووایە سەرۆک کۆماری عێراق لە وتارەکەیدا، بە ھەر جۆرێک بێت، ناوی پێشمەرگەی بھێنایە و باسی ئازایەتییەکانی بکردایە، چونکە پێشمەرگە عێراق و ھەموو ناوچەکەی لە داعش پاراست، بۆیە ”ئێمە ڕەخنەمان لێی ھەیە و ئەم ھەڵوێستەشی وەکوو ھەڵوێستەکانی پێشتری لەسەر ئەو ڕووداوانەی بەسەر کوردستاندا ھات، وابوو، ھیچ ھەڵوێستێکی نەبووە".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی باسی لەوەش کرد: "لە ماوەی دەسەڵاتی "فواد مەعسووم"دا عێراق بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە و ناوچە کوردستانییەکان کەوتنە دەستی داعش، بەڵام پێشمەرگە بەرگریی لێ کردن و ناوچەکانی ڕزگار کرد.
فوئاد مەعسووم، لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پشتیوانییەکی زۆری لێ دەکرێت، لە کاتێکدا ئەو باڵە بە نزیکییان لە عێراق ناسراون، بە جۆرێک پێشتریش ئاڵا تاڵەبانی هەر لەو باڵەوە، عێراقچێتییەکی بەهێزی دەکرد، تا دواجار لەگەڵ شاندی عێراقییەکان گەڕایەوە کوردستان و بە نوێنەرایەتیی ئیئتیلافێکی عەرەبی، بەشداری لە کۆبوونەوەکان کرد. لە پاش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریش، ئەو کەسانەی کە سەرکردە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە خیانەتکار و ڕێککەوتنی ژێربەژێر و ڕادەستکردنی کەرکووک لە قەڵەمیان دان، هەر لەنێو باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتیدا بوون، بۆیە ڕەخنەکان زیاتر ئاراستەی فوئاد مەعسووم و ئەو باڵەی حزبەکە دەکرێن.
باسنيوز
