کەمێکی دیکە پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بێ بەرهەم ئەنجام دەدا
د. محەمەد شاکر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند: ”ھەرچەندە بڕیار بوو کاتژمێر ١١ کۆبوونەوە دەست پێ بکات، بەڵام تا ئێستە دەستی پێ نەکردووە، ئەگەر کۆبوونەوەش بکرێت، ئەوا بەردەوامی کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممە ٣\٩\٢٠١٨ دەبێت، چونکە ئەوە بڕیاری سەرۆکە بەتەمەنەکەی پەرلەمانە“.
پەرلەمانتارەکەی پارتی دووپاتی کردەوە، کە ناکۆکی لە نێوان ھاوپەیمانێتییەکەی لیستی عەبادی و ھاوپەیمانێتییەکەی مالیکیدا دروست بووە، چونکە ھەر یەکێک لەوانە، خۆی بە کوتلەی گەورە دەزانێت، بۆیە ”بە بۆچوونی من، ئەو بابەتە بە دانیشتنی پەرلەمانی چارەسەر ناکرێت، بەڵکوو دەبێ دادگای فیدراڵی یەکلایی بکاتەوە، کە کام لەو کوتلانە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانین“.
ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەش کرد، کوتلەکەی عەبادی باس لەوە دەکەن کە بە واژۆی سەرۆکی کوتلەکان، نزیکەی ١٨٠ ئەندام پەرلەمان لەنێو هاوپەیمانێتییەکەیان دان، لە کاتێکدا بەشێکی زۆری ئەندامەکانی ئەو فراکسیۆنانە ڕۆشتوونەتە دەرەوە لە فراکسیۆنەکانیان، بەڵام کوتلەکەی نووری مالیکی و ھادی عامری، ١٥٢ پەرلەمانتار بە دەستی خۆیان واژۆیان کردووە، ”ھەر بۆیە دەبێ دادگای فیدراڵی دیراسەی ئەو بابەتە بکات و بڕیاری لەسەر بدات، کە واژووی خودی پەرلەمانتارەکان هەژمار دەکرێ یاخود واژووی سەرۆک فراکسیۆنەکان“.
باسنیوز
