کۆمەڵی ئیسلامی: لەگەڵ ئەوە داین هەڵبژاردنی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت
لە میانی پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا لەگەڵ سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان، عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان ڕای گەیاند: ”لە کەرکووک و ئەو ناوچانە تەعریبکردن دەستی پێکردووەتەوە، لەگەڵ هەموو هەنگاوێکین کە تەعریب لە ناوچە دابڕێندراوەکان نەهێڵین، پێگە و شکۆی کورد لەو ناوچانە بگەڕێتەوە. ئێمە هەم نیگەران و هەم هاوکار و پاڵپشت و پشتیوانی هەر پڕۆژەیەکین کە ببێتە مایەی ئەوەی خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان بە ئاسوودەیی بژین“.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی عێراق کرد و ئاماژەی بەوە کرد: ”ئێمە وەک (گۆڕان، کۆمەڵ، هاوپەیمانی و یەکگرتوو) گفتوگۆ دەکەین کە ئایا بەشداری کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق دەکەین یان نا؟ ئەگەر بەشداری بکەین پڕۆژەمان چیە و چۆنە؟ لە هەمان کاتدا بۆ کاری هاوبەش، پارتی و یەکێتی پڕۆژەیەکیان بۆ گفتوگۆکردن و بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی هەیە، بۆ بڕیاری چوار لایەنەکە دەگەڕێتەوە“.
عەبدولستار مەجید لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە هەڵوێستێکی ڕوونی نیشان دا و ئاشکرای کرد: ”لەبارەی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨ کە هەندێک لایەن بە گەرمی داوای دواخستنی دەکەن، ئێمە وەک کۆمەڵ دووپاتی دەکەینەوە کە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردنەکان بە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨ەشەوە لە کاتی خۆیدا بکرێت. مافی هاووڵاتییانە لە کاتی خۆیدا بە ئازادی مافەکەی خۆیان مومارەسە بکەن. زۆر باسی موئەسەسات و یاساسەروەربوون و سیستەممان کردووە و لەگەڵ ئەوەین هیچ کاممان ئەو عەیبەیە نەهێنینە سەر خۆمان“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە تائێستا بە ئاشکرا، سەرکردەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە میدیاکانەوە باسیان لە دواخستنی هەڵبژاردن کردووە.
باسنيوز
