کاتی کردنەوەی ڕێگای سەرەکی هەولێر - کەرکووک ئاشکرا دەکرێ
بەرپرسێکی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر کاتی کردنەوەی ڕێگای سەرەکی هەولێر - کەرکووک بەڕووی هاووڵاتیان ئاشکرا دەکات.
فازڵ حاجی حەسەن گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆ هەولێر لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاشکرای کردووە کە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی پردی پردێ کە دەکەوێتە سەر ڕێگەی سەرەکی هەولێر - کەرکووک لە تەواوبووندایە و کاتی کردنەوەی ڕێگەکەشی ڕاگەیاندووە.
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانکردنەوەی هەولێر بە شەو و ڕۆژ و بە بەردەوامی سەرقاڵی کارکردنن لە پرۆژەکە بۆ ئەوەی بەزووترین کات بە کۆتا بێت.
ئاشکراشیکردووە کە بەپێی زانیارییەکان ڕۆژی یەکشەممە(١٩-٨-٢٠١٨) پڕۆژەی پردی پردێ بە کۆتا دێت و بەمەش ڕێگای سەرەکی نێوان هەولێر - کەرکووک بەڕووی هاووڵاتیان دەکرێتەوە.
لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان پردی پردێ کە هەردوو شاری کەرکووک و هەولێر بەیەکەوە دەبەستێتەوە ڕووخا و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا ئەو ڕێگا سەرەکییە بەڕووی هاووڵاتیان داخراوە.
bas news-
