بەرپرسێكی پەكەكە لە شنگال گیانی لەدەست دا
سەرچاوەیەك لە هێزەكانی پەكەكە لە شنگال رایگەیاند مام زەكی شنگالی بەرپرسێكی باڵای پەكەكە لە شنگال بەهۆی بۆردوومانەكەی ئەمڕۆی فڕۆكەكانی سوپای توركیا بۆ سەر هێزەكانی پەكەكە لە شنگال كوژرا.
ئەمڕۆ ئێوارە چەند ناوچەیەكی شنگال لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بۆردوومان كران، ئەمەش یەك ڕۆژ لە دوای سەردانەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوەبەسەرچووی عێراق بۆ ئەنقەرە دێت.
فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکی جیاوازیان لە شنگال بۆردومان کردووە، یەکێ لە هێرشە ئاسمانییەكانیش بازگەیەکى هێزەكانی پەكەكە (یەبەشە)ی كردووەتە ئامانج.
سەرچاوەیەكی ئاگەدار لە شنگالەوە رایگەیاند فڕۆكەكانی توركیا هێزەكانی پەكەكەیان لە شنگال كردووەتە ئامانج.
بۆردوومانەكە هەریەك لە ناوچەكانی باب شلو و سنونێ و سكنی كردووەتە ئامانج، بەشێوەیەكی بەرچاویش لە هێرشەكاندا هێزەكانی پەكەكە كراونەتە ئامانج.
جێی باسە دوێنێ لە میانی سەردانەكەیدا بۆ توركیا، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوەبەسەرچووی عێراق رایگەیاندبوو كە قبووڵ ناكەن لەنێو خاكی عێراقەوە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی توركیا دروست بكرێ.
لە دوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، هێزەكانی حەشدی شەعبی و پەكەكە كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیان بەهەل زانی و دەستیان بەسەر شنگالدا گرت.
bas news-
