ورمێ.. دوو کۆڵبەری دیکە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران

 ورمێ.. دوو کۆڵبەری دیکە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژران
هاوکات لە گەڵ کوژرانی کۆڵبەرێکی خەڵکی سەڵماس لە سنوورەکانی شنۆ، تەرمی کۆڵبەرێکی خەڵکی سەڵماس کە ٤ ڕۆژ پێش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرابوو، دۆزرایەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی "کەلاڕەشی خواروو"ی سەر بە ناوچەی شپیرانی سەڵماس لە پارێزگای ورمێ، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری شاری شنۆ کوژراوە.

هەمان سەرچاوە ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە لاوەی "جاویدان هەکاری" کوڕی زوبەیر ڕاگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، کۆڵبەرێکی 23 ساڵان دیکە بەناوی هاشم تەهووریان کڕری ئەسغەر و دانیشتووی ئاوایی (سولینگ)ی سەر بە سەڵماس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران لە سنووری تەگەوەڕی ورمێ و باکووری کوردستان گیانی لەدەست داوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی تەهووریان لەو پەیوەندییەدا بە هەواڵنێری “هەنگاو” ڕاگەیاندووە، تەرمی هاشم ڕۆژی چوارشەممە و دوای سێ ڕۆژ لە کوژرانی لە کوێستانەکانی ناوچەی تەرگەوەڕ دۆزرایەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری گەیشتوو لە ناوەندی ئاماری (هەنگاو) لە ماوەی 20 ڕۆژی ڕابردوودا ٨ کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی ورمێ بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.









باسنيوز
Top