د. عەلی بەلۆ: حكوومەتی هەرێم ستراتیژییەتێكی درێژخایەنی ئابووریی داڕشتووە
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، چەندین قەیرانی گەورە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، وەك بڕینی بەشەبودجەی هەرێم و شەڕی داعش و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و هاتنەخوارەوەی نرخی نەوت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی ئەو ستراتیژییەتەی لە ڕووی ئابوورییەوە دایڕشتبوو، توانی خۆی راگرێت و ئێستایش دۆخی ئابووریی هەرێم زۆر باشتر بووە.
راوێژكاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شارەزای ئابووری، د. عەلی بەلۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەپێی ئەو گرێبەستانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكان واژۆی كردوون، پابەند دەبن بەوەی بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بكەن و چەندە بەرهەمیش زیاد بێت، داهاتیش زیاد دەبێت، بۆیە هەنگاوی زۆر باش نراوە بۆ زیادكردنی داهاتی هەرێمی كوردستان و ئاسۆیەكی ڕوون چاوەڕێی هەرێمی كوردستان دەكات".
بەلۆ گوتیشی: "ئەگەر حكوومەتی عێراق كێشەی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان دروست نەكات، كە ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا زۆر باشن، ئەو ئاسۆیەی كورد چاوەڕێی دەكات، دێتە دی كە ئەویش سەربەخۆیی ئابووریی كوردستانە، بەمەش ئیدی كورد پێویستی بەوە نابێت بەغدا گوشاری لێ بكات".
راوێژكاری پێشووی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ڕوونیشی كردەوە: "ئەگەر ئەو كارەساتانە بەسەر هەرێمی كوردستاندا نەهاتبوونایە لە هاتنەخوارەوەی نەوت و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە كاریگەری زۆریان لەسەر ئابووریی هەرێم هەبوو، دۆخەكە زۆر لە ئێستا باشتر دەبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەرێمی كوردستان توانی خۆی راگرێت و خۆشی رزگار بكات و سەلماندی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ستراتیژییەتێكی درێژخایەنی هەیە لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەگەر ئەو سیاسەتەیش نەبووایە دۆخی هەرێم بە تەواوی تێك دەچوو، كە ئەویش خودی سەرۆكی حكوومەت دایناوە و لەمەودواش زۆر باشتر دەبێت".
د.عەلی باسی لەوەش كرد، ئەگەر كێشەی دیكە بۆ هەرێمی كوردستان نەیەنە پێشەوە، لە ماوەیەكی كەمدا دەتوانێ دەستكاریی پاشەكەوتی مووچە بكات، هەروەها پێشوو مووچە دابین بكات و جارێكی دیكە ئابووریی هەرێم وەكو پێش ساڵی 2014 باش بێت و هەنگاوی باشتریش بۆ پێشەوە بنرێت.
kdp-
