دۆسكی: بە پارتییەوە دیارە کە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن..چەند لایەنێک ترسیان هەیە
د. دیندار دۆسكی، ئەندامی پێشووی شوورای یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە زۆر جیددییە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، حزبەكانی دیكە لە ئاستی جیاواز و ڕاگەیاندنەكانەوە گوێمان لێ دەبێت كە لەگەڵ هەڵبژاردنن، لە ڕاستیدا پارتیش تەواو ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن، چونكە لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەڵوێست و پێگەی بەهێزتر بووە، ئەوەش بە حوكمی ئەو دەنگە زۆرەیە هێناویەتی لە ئاستی عێراق و ئەو ژمارە كورسییەی كە كردوویەتییە حزبی یەكەم".
دۆسكی ئەوەشی خستە ڕوو: "قسەكانی كاك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەت، ئەو گومانانەی ڕەواندەوە كە باسیان لە دواخستنی هەڵبژاردن دەكرد، چونكە ئاراستەیەك هەبوو تا بە ناوی ئەمەریكاوە هەڵبژاردنی كوردستان دوا بخەن."
د. دۆسکی دەڵێت: "پارتی تاكە حزبە كە گرفتی ناوخۆییی نییە، حزبەكانی دیكە ترسیان لەوە هەیە كە بە هۆی كەمیی دەنگەكانیان لە پەرلەمانی عێراق، لە هەڵبژاردنەكانی كوردستانیش بەسەریاندا دووبارە ببێتەوە، جەماوەری پارتی دیارە ئامادەییان هەیە بۆ هەڵبژاردن، بەڵام حزبەكانی دیكە، دەنگیان نەهێناوە، دەترسن لەم هەڵبژاردنەش دەنگی كەم بهێننەوە".
لەبارەی ئەگەری جێبەجێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر عێراقدا، دۆسكی، دەڵێت: "ڕەنگە سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێراندا ڕاستەخۆ عێراقیش بگرێتەوە، چونكە ئێران پشتی بە عێراق و سووریا و بەشێك لە لوبنان بەستووە، بۆیە عێراق بازرگانیی ڕاستەخۆی لەگەڵ ئێران هەیە و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا پارەی دۆلار لە عێراقەوە براوە بۆ ئێران، وەك باس دەكرێت بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگ و باڵانسی بازاڕی ئێران بێت، بۆیە ئەگەر سزاكانی ئەمەریكا بچنە واری جێبەجێكردنەوە، ڕەنگە عێراقیش نەتوانێت ئەو مامەڵەیە بكات".
د. دۆسکی ڕایشیگەیاند: "دوور نییە شاندێكی باڵای ئەمەریكا لەسەر ئەو وردەكارییە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و حكوومەتدا كۆ ببێتەوە".
kdp-
