وەزارەتی پێشمەرگە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ژمارەیەک ئەفسەردا دەکات
پاش دەنگۆی نەمانی ئەو چەکانەی کە لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانەوە بۆ شەڕی داعش بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دابین کرابوو، وەزارەتی پێشمەرگە دەستی بە لێکۆڵینەوە لەو بابەتە کردووە، بەو هۆیەشەوە تا ئێستا ژمارەیەک ئەفسەر دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.
ئەفسەرێکی پلە باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند: "ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی چەکەکانیان نەماوە دراونەتە دادگا، بۆ نموونە ئامر لیوای ٢ و جێگرەکەی بەهۆی ئەو دۆسیەوە زیندانی کران و پاشان بە کەفالەت ئازاد کران".
ئەو ئەفسەرەی وەزارەتی پێشمەرگە هۆکاری گرتن و دانە دادگای ئەفسەر و پلە باڵاکانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کە چەکەکانیان بردووە و ئێستاش ئەڵێن ئەو چەکانە نەماون.
ڕوونیشی کردەوە، تەنیا ئەو کەسانەی شتیان لەسەر بووە گیراون و ئەوانەش لە پلەی لیوا، عەمید و پلە جۆراو جۆرەکانی دیکەیان تێدایە، هەروەها وەزارەتی پێشمەرگەش ڕاستەوخۆ خۆی لێکۆڵینەوەکان ئەنجام دەدات و سەرپەرەشتی دەکات.
لە لێدوانەکەیدا ئەو ئەفسەرە پلە باڵایە ئاشکرشی کرد: ”ئەو چەکانەی کە دیار نەماون، بریتین لە چەکی ئەمریکی و ئەڵمانی، ئێستاش لێکۆڵینەوە لە لیوای دوودا دەکرێت، کە یەکێکە لە لیوا تێکەڵەکانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە“.
باسنیوز
